کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ رێوڕەسمێک بۆ رێز لێنان لە شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان بەرێوەچوو

14:34 - 22 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: سیمینارێک بۆ رێزلێنان لە شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان لە شاری هانۆڤێری ئاڵمان بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا،رۆژی یەکشەممە ٢٠ی رێبەندانی١٣٩٣ی هەتاوی بە بەشداریی حیزب و رێکخراوە سیاسی و کولتوورییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستالە شاری هانۆڤێری ئاڵمان سیمینارێک بۆ رێزلێنان لە شەهیدانی کوردستان لە شەڕی دژی داعش بەرێوە چوو.

بەپێی ئەم راپۆرتە، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران - کۆمیتەی ئاڵمان بە سەرپەرستی شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب، بەشداری سیمینارەکە بوون و بەو بۆنەوە وتارێکیان پێشکەش کرد.

نەقشبەندی لە قسەکانیدا وێڕای رێزلێنان لە فیداکاری و خۆڕاگری هێزی پێشمەرگە و بەتایبەت شەهیدانی سوور خەڵاتی گەلەکەمان لە شەڕی بەرگری لە کوردستان و پاراستنی خاکەکەمان لە دەست داگیرکەران و تیڕۆریستان، بە وردی پرژایە سەر لایەنەکانی بەشدار لە شەڕی دژیە تیرۆر و کردەوە دڕندەییەکانی گرووپی تیرۆریستی ئیسلامی\'\'داعش لە کوردستان .

نەقشبەندی لە قسەکانیدا وتی: پارێزەری راستەقینەی کوردستان تەنیا هێزی پێشمەرگەیە و ئەوە پێشمەرگە بووە کە بە قارەمانەتی و فیداکاری نواندن توانیویەتی گەلەکەمان لە دەست داگیرکەران بپارێزێ و خوێنێکی زۆری لەو پێ‌ناوەدا ببەخشێ.

هەر لەم پەیوەندییەدا، هێندێک لایەن و بەتایبەت کۆماری ئێسلامی ئێران کە ئیددیعای شەڕ لە دژی داعش دەکات، بێجگە لە کەم کردنەوەی رۆڵی گرینگی پێشمەرگە و سڕینەوەی فیداکارییەکانی، ئامانجێکی دیکەی نییە\'\'.

شەهیریار نەقشبەندی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد کە کۆماری ئێسلامی هەرگیز دۆستی کورد نەبووە و ناکرێ گەلی کورد متمانەی بە ئیدەعا و قسەکانی هەبێ و لەو بارەوە وتی: \'\'ئەوەی ئەمڕۆ کورد بونیادی ناوە تەنیا لەسەر خولقاندنی حەماسەی رۆڵەکانی گەلی کورد بووە و ئەوە فیداکارییەی کوردە لە هەرچوار پارچەی کوردستان کە بۆتە وێردی سەر زمان و میدیای کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی و بەتایبەتیش کە وڵاتانی زلهێزی هێناوەتە شەڕی دژی تیرۆر لە کوردستان و لە ئێستاشدا تەنیا یەک گرتن و پاراستنی ریزەکانمان و برایی و تەباییە کە دەتوانێ زامنی سەرکەوتنی یەکجارەکیمان بێ و گەلی کورد پێویستە زیاتر هەوڵی ئەو یەکڕیزی بدات و بیپارێزێ.

کازیوە.ر