کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد دەستبەسەر و سزای نەختی بە سەردا سەپا

19:35 - 26 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا:چالاکێکی مافی ژنان و منداڵان لە مەریوان بە حوکمی دادگای ئینقلاب دەستبەسەر و دواتر بە دانی سزای نەختی دیاریکراو ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٥ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، دادگای ئینقلابی مەریوان حوکمی دەستبەسەر کردنی کامیل هیمەتی دەرکرد و ئەم چالاکەی مافی ژنان و منداڵان دوای دەستبەسەر کران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە بە دانی بڕە پارەی نەختی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کە کارناسی کۆمەڵناسی لە زانکۆی بەهەشتی تاران و چالاکی بواری مافی ژنان و منداڵانە بە هۆی بە دوادا چوونی قەتڵەکانی بەهاری ١٣٩٣ی هەتاوی، رێکەوتی ١٥ی بانەمەڕ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکان دەستبەسەر کرابوو.

کامیل هیمەتی، پاش دەستبەسەرکران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکان، لەلایەن دادگای ئینقلاب بە تۆمەتی بڵاو کردنەوەی درۆ و دەلەسە و هەڵشڵەژاندنی رای گشتیی لە رێگەی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەحکووم کرابوو.

ئەم چالاکە مەریوانییە، یەکەمین جار رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١ی بانەمەڕی ١٣٨٥ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

کامیل هیمەتی، دووهەمین جار هاوکات لەگەڵ سەفەری خامنەیی بۆ کوردستان لە بانەمەڕی ١٣٨٨ی هەتاوی، لە شارستانی سەوڵاوا دەستبەسەر و بۆ ستادی خەبەریی مەریوان راگوێزرا و پاش چەند رۆژ ئازاد کرا.

لەم پەیوەندییەدا، راپۆرتە بڵاو کراوەکان باس لەوە دەکەن کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ٩ هاووڵاتیی کورد خەڵکی بانە بە تۆمەتی تێکهەڵچوون لەگەل هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە سالێ ١٣٨٧ی هەتاوی روویدابوو، بە ٤٤٧ میلیون تمەن سزای نەختی مەحکووم کراون.

ئاویەر.ت