کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین بارودۆخی سامان نەسیم، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی کە لە بەرەبەری ئیعدام کردن دایە

20:23 - 29 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: پشتیوانیی هەمە لایەنە لەلایەن چالاکانی سیاسی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە سامان نەسیم، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئیعدام، هەتا ئێستا دژکردەوەی دەزگایی رێژیمی ئیسلامی بەداوە نەبووە و ئەگەری ئیعدام کردنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە هەتا ٢٤ کاتژمێری دیکە لە ئارا دایە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پشتیوانی رێکخراوەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی سیاسی، مەدەنی و رۆژنامەنووسان لە سامان نەسیم زیندانیی سیاسیی کورد،کە ئەگەری ئیعدام کردنی لە ئارادایە، زیاتر پەرەی ئەستاندووە.

پشتیوانی هەمە لایەنە لە سامان نەسیم رۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە دەرکردنی بیانییەیەک لەلایەن ریکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و داواکاری ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە بۆ رزگارکردنی گیانی ئەو زیندانە سیاسیە کوردە، دەستی پێکردووە.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە ئەگەری بەڕێوەچوونی حووکمی ئیعدامی سامان نەسیم لە رێکەوتی ٣٠ی رێبەندان ١٣٩٣ی هەتاوی هوشداری دابوو و چەندین جار داوای کردووە کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران پێویستە هاوکاری بکەن.

بەپێی بەیانییەی ئەو ناوەندەی مافی مرۆڤ، سەرەڕای وەبیرهێنانەوە بە رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە هەر دوو بەڵێنی نێودەوڵەتی مافی مەدەنی و سیاسی و کۆنوانسیۆنی مافی منداڵانی قەبووڵ کردووە، لەو بەڵێننامەیەدا بە روونی ئاماژەی پێکراوە کە ئیعدامی کەسانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ کە تاوانێکیان ئەنجام داوە قەدەغە راگەێندراوە و داوا لەو رێژیمە داوا کرابوو کە حوکمی سامان نەسیم رابگیرێت و پەروەندەکەی عادڵانە پێداچوونە بکرێت.

هەروەها لەو بەیانییەدا جەخت کراوەتەوە کە دانپێدانانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لەژێر ئەشکەنجەدا بووە.

دوابەدوای رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢١ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی رێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤیش لە بەیاننامەیەکدا نیسبەت بە ئەگەری ئیعدامی سامان نەسیم دژکردەوەی نیشان دابوو.
رێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەیکە سامان نەسیم بەپێی ئیزنی لقی بەڕێوەبەری قووەی قەزائیە لە کۆتاییەکانی مانگی رێبەنداندا لە سێدارە دەدرێت، داوای کردووە کە حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە رابگیرێت.

بە زیاتربوونی پشتیوانی هەمە لایەنەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە سامان نەسیم، چەندین ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا نیسبەت بە ئەگەری بەڕێوەچوونی حوکمی ئیعدامی سامان نەسیم دژکردەوەی نیشان داوە داوایان کردووە کە ئیعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە رابگرن.

لە راگەیەندراوێکدا، لە رێپۆرتێرانی تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە تایبەتی هەواڵنێری تایبەتی لەسێدارەدان، هەواڵنێری تایبەتی سەربەخۆیی دادوەران و هەروەها رێپۆرتێری دۆخی مافی مرۆڤی ئێران داوا کرابوو کە هەرجۆرە رێکارێک بۆ پێشپێگرتنی لەسێدارەدانی سامان بگرنە بەر.

بە سەرجەرم ئەم هەوڵانەوە، رۆژی دووشەممە٢٧ی رێبەندان، رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بۆ دووهەمین جار لە ماوەی رابردوودا بە دەرکردنی راگەیەندراوێک بە تەرکیز لەسەر ئەوەی کە راسپێردراوانی رێژیمی ئێران سامانی نەسیمیان بۆ دانپێدانانی تەلەڤیزیۆنی داوەتە بەر لێدان و هەڕەشە، سەبارەت بە ئیعدامی ئەو زیندانییە کوردە هوشداریان داوە.
بەپێی راپۆرتەکان، بە بەرینتر بوونەوی پاڵپشتییەکان لە سامانی نەسیم، بە بانگەشەی بەربڵاوی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی دژە ئیعدام، رۆژی دووشەمە، هەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنیی دانیشتووی ستۆکهۆڵم بە کۆبوونەوەیەکی نارەزایتی دەربڕین، لەسێدارەدانی ئەو لاوە کوردەیان لەلایەن رێژیمی ئێران مەحکووم کرد.

هەر لەم پەیوەندییەدا، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە ئێرانییەکانی ئەندامی ئەو یەکیەتییە، کۆمەڵگەی بەرگری لە مافی مرۆڤی ئێران و سەنتەری بەرگریکارانی مافی مرۆڤ بە دەرکردنی راگەیەندراوێک داوایان لە رێژیمی ئێران کردووە کە دەست لە ئامادەکاری بۆ لەسێدارەدانی ئەو لاوە کوردە هەڵبگرێ.

لەم داوا هاوبەشەدا رووبە رێژیمی ئێران هاتووە کە بە زووترین کات ئەو حوکمە کە لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ ناتەبایە، هەڵبوەشێنێتەوە.
لە درێژەی پاڵپشتییە یەک لەسەر یەکەکان لە سامان نەسیم، ٢١ زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی گەهەردەشت لە نامەیەکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە حکوومەتییەیان کردووە.

ئەم بەندکراوە سیاسییانە وێڕای مەحکووم کردنی ئەو بڕیارە داوایان لە سەرجەم سەرچاوەکانی بەرگریی مافی مرۆڤ و بە تایبەت ئەحمەد شەهید کردووە کە ئەو بڕیارە دژە مرۆییە مەحکووم بکەن و بە گژیدا بچنەوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا ٣١٥ هەڵسووڕاوی سیاسی، مەدەنی و فەرهەنگی لە چەند راگەیەندراوێکدا داوای راگرتنی بەپەلەی ئەو بڕیارەیان کردووە.
لە راگەیەندراوێکدا کە بە واژۆی ٣٠٠ هەڵسووڕاوی مەدەنی و سیاسی گەیشتووە، داوای دەسپێکردنی هەوڵێکی بەپەلە لە لەلایەن ناوەند و سەچاوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ کراوە کە بە دەستێوەردانی شوێندانەری خۆیان ئەو بڕیارە هەڵبووەشێننەوە.

سامانی نەسیم لە دایکبووی ساڵی ١٣٧٣ و خەڵکی شاری مەریوانە.
ناوبراو لە پووشپەڕی ١٣٩٠ و لەکاتێکدا کە ١٧ ساڵ تەمەنی بوو لە سنووری سەردەشت گیرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە گرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ئورمیەدا بوو و پاش لێدان و شکەنجەیەکی زۆر بۆ زیندانی مەهاباد راگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کۆتاییدا بە تۆمەتی موحاربە لە رێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئێران لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر داسەپا و ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوی ئورمیە و لقی ٣٢ی دیوانی بەرزی وڵات، وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

ئاویەر.ت