کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و فەرانسە نیگەرانی خۆیان لە ئەگەری جێبەجێ کردنی حوکمی ئیعدامی سامان نەسیم دەربڕی

16:12 - 1 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: بە بەرینتربوونەوەی پشتیوانی هەموو لایەنەکان لە سامان نەسیم لە بەرەبەری جێبەجێ کردنی حوکمی ئیعدامەکەی، دەوڵەتەکانی فەرانسە و ئامریکاش جێبەجێ کردنی حوکمی ئیعدامی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەیان مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٣٠ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، جێن ساکی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، نیگەرانی خۆی لە ئەگەری جێبەجێ کردنی حوکمی ئیعدامی سامان نەسیم، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ئورمیە دەربڕی.

جێن ساکی جەختی کردەوە کە ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەی مەحکووم بە ئیعدام، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەستبەسەر کراوە و بە هۆی ئەشکنجە ئیعترافی کردووە، داوای لە رێژیمی ئیسلامی کرد کە بە چوارچێوەی دادپەروەریپابەند پێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئامارەکانی ئەحمەد شەهید رێپۆرتنێری تایبەتی رێکخراوە نەتەوەیەکگرتووەکان لە بواری کاروباری مافی مرۆڤی ئێران باس لە ئێعدام کردنی ٨ مێرمنداڵ لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی دا کرد، داوای لە رێژیمی ئێران کرد کە رێز لە گارەنتیەکانی دادوەریی دادپەروەرانە بەپێی یاساکانی خۆی و بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان کە بە خەڵکی داوە، بگرێت.

هەروەها، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٣٠ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، وەزارەتی دەرەوەی فەرانسەش بە بڵاوبوونەوەی ئەگەری جێبەجێ کردنی حوکمی ئیعدامی سامان نەسیم، زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی مەریوان لە زیندانی ناوەندیی ئورمیە نیگەرانی خۆی دەربڕی.

لە بەیاننامەی وەزارەتی دەروەی فەرانسەدا جەخت کراوەتەوە کە سامان نەسیم کاتی ئەنجام دانی کارێک کە بە هۆی ئەوەوە مەحکووم کراوە، لە ژێر تەمەنی یاسایی دابووە و مافی سامان نەسیم بۆ بەڕێوەبردنی حوکمی دادگایەکی دادپەروەرانە، نەپارێزراوە.

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا، فەرانسە داوای لە رێژیمی ئێران کردووە کە بە بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی خۆی لە بواری مافی مرۆڤ بە تایبەت کۆنوانسیۆنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری مافی منداڵان، هەنگاو هەڵگرێت.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بە نزیک بوونەوەی حوکمی ئیعدامی سامان نەسیم، یەکیەتی ئورووپا، کۆمیسێری مافی مرۆڤی ئاڵمان، رێپۆرتنێرانی تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و ئێعدامە نادادپەروەرانە، دەوڵەتی نوروێژ، رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان، رێکخراوی لێبۆردنی نێونەتەوەیی، چاوەدێری مافی مرۆڤ، کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران، فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی کۆمەڵگایی مافی مرۆڤ، کۆمەڵگای بەرگری لە مافی مرۆڤ لە ئێران (LDDHI)، ناوەندی بەرگری مافی مرۆڤ (DHRC) و چەندین رێکخراو و ناوەندی بەرگری لە مافی مرۆڤی دیکەش و هەروەها چەندین چالاکی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤی کورد و ئێرانی، سەبارەت بە جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی سامان نەسیم نارەزایەتییان دەربڕیوە و خوازیاری راگرتنی حوکمەکە بوون.

سامان نەسیم زیندانیی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئیعدام، پاش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی رێبەندان، لەگەل ٥ زیندانی سیاسیی دیکە کورد مەحکووم بە ئێعدام بە ناوەکانی یونس ئاقایات، حەبیبوڵـلا ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، سیروان نژاوی و ئیبراهیم شاپوری، لەلایەن بەرپرسانەوە بۆ بەندی ئینفرادیی زیندانی ئورمیە گواسترایەوە و زیندانییانی زیندانی ئورمیە لە سەر ئەو باوەڕەدان کە ئەگەری گواستنەوەی سامان نەسیم بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە هەیە.

پاش گواستنەوەی سامان نەسیم و ٥ زیندانی سیاسیی کوردی دیکە بۆ ژووری تاکەکەسی، هیچ زانییارییەک لە چارەنووسیان لە بەر دەستدا نییە و هیچ هەواڵێک سەبارەت بە بارودۆخی ئەو زیندانییە سیاسییانە بڵاو نەکراوەتەوە.

ئاویەر.ت