کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمان لە پێناسەیەکی گشتیدا

19:43 - 4 رەشەمه 2714

بۆچی زمان و زمانی دایکی گرینگە بۆ تاکەکانی هەر میللەتێک بە تایبەت میللەتی کورد. هەروەک هەموومان لە سەر ئەو رایە هاوڕایین کە زمان ناسنامە و بوونی پێناسەیەکی گشتگیری هەر میللەتێکە و لە پێش هەموو رەهەندەکانی‌ترەویە.

12142.jpg
حەسەن پاڵانی

چون زمان دەمانناسێنێ ئێمە کێین؟ سەر بە چە ڕێچکە و بنەماڵە و دەستە زمانییەکانی جیهانین؟ زمانی ئێمە دەگەڕێتەوە سەر چ تێرمینۆڵۆگی دەستە خۆشکی زمانەکانیتر؟ دواتر بە پێی چ نۆرم و پێوانەکانی زمان دەتوانین، زمان بپێوین و بەراوردیان بکەین و بزانین زمانی میللەتەکەمان لە رادە و ئاستی کام لە زمانە جیهانییەکاندا جێگە و پێگەی خۆی کردووەتەوە.

هەر چەند ئەگەر بە شێوەیەکی ورد و چڕ بڕۆینە ناخ و هاوهەڵکێشی ئەو ئیمکانات و هەلومەرجە زەمانی و مەکانییەی کە بۆ میللەتەکەمان، لانیکەم لە بەشێک لە چواربەشی کوردوستان پێش هاتووە، ئایا بە پێی پێویست کار بۆ لەفیلتەر و لە بێژنگدانی زمانەکەمان بە ئاراستەی ستاندارد کردندا کراوە؟ ئایا حکومەتی خۆماڵی کاری لەسەر لایەنە زانستی و ئەکادیمیەکانی زمان لە کۆلێج و زانکۆکان، لێجنە و پسپۆڕی تایبەتمەندی بۆ توێژینەوە، شیکاری و هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی زمان داناوە؟ چون بە پێی هەموو پێوەرەکانی زمان و گەشەسەندنی زمانی هەر میللەتێک دەبێ، زمان بە چەند سێکتۆر و لە بێژنگدانێکی زانستی بپێورێ و خۆی لە نۆژەن کردنەوەیەکی سەردەمانەی زانستی بە پێی مەعیارە زانستیەکانی زمان، دەمزەرد بکاتەوەو لە دەوڵەمەند کردنی زمان کەڵک لە ڕەهەندی فرەزاراوەیی، فلکڵۆر، کلتووری، سیاسی، نۆرم و کۆدە کۆمەڵایەتییەکان، وشە و دەستە واژەکانی دونیای سەردەم کە لە گەڵ ناخ و هەست و لایەنە کۆمەڵایەتی، کلتووری و سیاسی بەپێی لە بەرچاوگرتنی تایبەت مەندی، تایبەتی هەر بەشێک میکانیزم و چوارچێوەی تایبەتمەندی بۆ دەست نیشان بکریت و کاری چڕ و جیدی بۆ بکرێت تا سەرەرای مانەوە لە رادە و پلەیەکی خواری ئاستی زمانە جیهانییەکان، خۆی لە نۆژەن کردنەوە و پووختە کردن ببینێتەوە.

دەبینیین هەموو کۆمەڵگەکانی ئەم سەر زەویە سوود لە قسە کردن وەک کەرەستە و ئامرازێک بۆ گواستنەوەی، بیرو هەستی خۆ، بۆ دەربرینی ناخ و تێفکرین و تێڕوانینەکانیان کەڵک وەردەگرن. بەڵام دەبینیین بێجگە لە قسەکردن و پەیڤ شێوازێکی‌تر لە بەرجستەکردن و دەربرینی ناخ ئەویش رێنووس و نووسینی ئەو زمانەیە کە هەر میللەتیک خاوەن نووسینی خۆی بێت دەتوانیت لە هەر قۆناغ و جێگایەکدا پێگەی خۆی دیاری بکات و بەم شێوەیە ببێتە تەکمیل و کامل کەری هەر دوو بواری پەیڤ و رێنووس، دواتر لە ئەنجادا، بە پێی قۆناغبەندی و قۆناغ بە قۆناغ لە گەشەسەندن و بژارکردنی زمانەکەدا لە ناوەند و دامەزراوەیەکی توێژینەوەی شرۆڤەکاری زمانەوانیدا زمانێکی دەوڵەمەندی سەردەمیانەی خۆی لە ئاستی زمانە جیهانیەکان ببینێتەوە و دەرکەوێ.

لە ڕۆژی زمانی دایک ئەرکی تاک، بنەماڵە، رێکخراوە سیاسیەکان، کۆمەڵگا مەدەنییەکان، رۆشنبیران، شاعیران، هوونەرمەندان، ئێن جی ئۆکان، ڕێکخراوە سینفیەکان، لۆبییە جۆربە جۆرەکان بە گشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و ئەلیتەکانی بواری زمان لە ئاست زمانی دایکیدا ئەرکدار دەکرێن بۆ گەشەپێدان و فێر کردنی زمانی دایک بە منداڵەکانیان، کەڵک لە فۆرم و میکانیزمی جێگای نیشتەجێ بوونی خۆیان بە پێی هەل و ئەو ئیمکاناتەی کە هەیانە کەڵک بۆ بووژاندنەوە و بەرز راگرتنی زمانەکەیان وەرگرن.

ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر ناوخۆی وەڵات، بەهۆی بوونی سیستمگەلێکی تا سەر ئیسقان دیکتاتۆر و توتالیتێر لە هەر یەک لە ئێران، توورکیە و سووریە ڕێگایان بە کوردەکانی ئەو بەشانەی خۆییان نەداوە بە زمانی دایکی لە قووتابخانەکان دەرس بخوێنن تا ناسنامە و کەسایەتی خۆیانی پێ بنیاد بنێنن. هەموو توێژینەوەی توێژەرانی بواری زمان ناسی و فێنۆمنۆلۆگی ناسی لە سەر ئەو رایە کۆکن کە ئەو منداڵانەی کە بە زمانی دایکی گۆشدەکرێن و بە زمانی دایکی نەش و نەما دەکەن، خۆشەویستییەکی لە رادەبەدەریان بۆ زمانەکەیان تێدا پەیدا دەبێت، چون دوژمنانی هەریەک لە ئەو وڵاتانە باش دەزانن هەست کردن بەکەسایەتی خۆ و دۆزینەوەی کەسایەتی تاکی کورد ، ریگا خۆشکەرە بۆ باقی ماف و ئازادیە نەتەوەی و نیشتمانیەکانی نەتەوەکەمان. جا لێرەدا بە هۆی بوونی فەزایەکی پڕ لە ترس و تۆقاندن و پلانی پارتاو کردنی لایەنی زمانی نەتەوی کورد، دەیانهەوێت، شوناس و ناسنامەی بوونمان لاواز و لە ناو بەرن.

چوون دوژمنانی تێر نەبوو بە دژمنایەتی زمان، ئەو راستییە باش دەزانن کە گۆ و بوغچەی خۆناسین لە زمانمانەوە دەست پێدەکات، ئەویش هەر ئەندازە بە زمان لە هەر دوو بواری پەیڤ و رێنووس شارەزابین، هەر بەو ئەندازەیە ، هەم زەبرێکی گوورچک بڕمان لە پەیکەری پیلانی دوژمنان داوە و هەمیش کاردانەوەیەکی ئەرێنی دەبێت لە ساختار و بنیادی تاکی کورد بە ئاراستە نەتەوەیی و مانەوەیەکانماندا.

پێویستە لەم رۆژەدا هەموو جالیەیی کوردی و هەموو ئەو کوردانەی تاراوگەنشینن، ئەم رۆژە بکەنە ڕۆژی پێدا چوونەوە و رۆژی وەبیرهێنانەوەی خۆیان بە نیسبەت زمانەکەیان و نەوەکانیان لە فێرکردنی زمانی دایکییان. هەروەک دەبینین لە هێندێک لە وڵاتانی ئورووپایی، بە تایبەت وڵاتانی ئیسکاندیناوی خوێندنی زمانی دایکی وەک وانەیەکی فەرمی لە پاڵ وانە فەرمییەکانی‌تردا دەخوێندرێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا هەل و دەرفەتێکی گرینگە بۆ ڕاهێنان، بارهێنان و فێربوونی زمانی دایک بە شیوەیەکی زانستی.

پاشان فێربوونی زمانی دایکی کاریگەرییەکی، بێ ئەم لاو ئەو لای دەبێت لە دەوڵەمەندکردنی باقی وانە دەرسیەکانی‌تردا، بۆیە زۆر گرنگە منداڵەکانمان هان بدەین بۆ فێربوونی زمانی دایک، دەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە باوک و دایک پاڵپشتێکی بەهێز دەبێت و پشکی شێریان وەبەردەکەوێت، لە راهێنان و ئاشناکردنی نەوەکانی خۆیان بە زمانی پاراوی دایکییان. لێرەدا تەنها لایەنی دەوڵەتی بەرپرسیار نییە لە دانانی وانە بە زمانی دایکی بە منداڵانی ئەو کەمایەتییە نەتەوەییە، بۆیە دووبارە کوردانی تاراوگەنشیین دەخرێتەوە بەردەم بەرپرسیاریەتیەکی زۆر گەورە و مێژوویی، ئەویش ئەوەیە چ بە تاک یان بە کۆ یان لە ڕێگای ڕێکخراوە کلتووری و مەدەنیەکانەوە کۆرسی فێربوونی زمانی بۆ نەوەکانیان دەستەبەر بکەن.

لە کۆتاییدا، ماوەتەوە بڵێین زمان و فێربوونی زمانی دایکی، مانەوەی خاک، نەتەوە، کلتوور و تۆراسی بوونمان وەک نەتەوەیەکی زیندوو کە لە چاوگە و زیندوو بوونی زمانەکەمانەوە سەرچاوە دەگرێت. بابە هەموومانەوە بۆ زیندویەتی و هەرچی گەشەسەندنی زمانی دایکی، لە رۆژی زمانی دایکیدا، ئەم رۆژە ببێتە ڕۆژی بە خۆدا چوونەوە بە ئاراستەی فێرکردنی پیتی شیرینی زمانی دایکیمان، زمانی کوردی بە نەوەکانمان، چ لە نێو خۆی وڵات وە چ لە دەرەوەی وەڵات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە