کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دووبارەی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامی لە بنەماڵەی چالاکێکی مەدەنی کورد

13:38 - 5 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بۆ دووهەمین جار، بنەماڵەی چالاکێکی مەدەنی کورد لەلایەن ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە لە مەریوان هەڕەشەی کوشتنی لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیتلاعاتی مەریوان سەرلەنوێ بنەماڵەی محەممەد غەریب فەیزی، خەڵكی شاری مەریوان و نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتی بەرەوڕووی فشار کردووەتەوە و ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە هەڕەشەی کوشتنی لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو چالاکە کوردە کردووە.

راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، کە بنەماڵەی فەیزی بە هۆی ئەویکە کوڕەکەیان لە دەرەوەی وڵاتە و هیچ بەدواداچوونێکیان بۆ گەڕاندنەوەی کوڕەکەیان بۆ نێوخۆی وڵات نەکردووە، لەلایەن ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوە.

کۆتاییەکانی مانگی رەزبەری ئەمساڵیش، ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان چەندین جار رێزی لە محەممەد غەریب فەیزی گرت، و ئەمەش هەڕەشەی کوشتنی بنەماڵەی ئەو هەڵسووڕە کوردەی لێکەوتەوە.

ئەم هەڕەشانە بەردەوام درێژەی هەبووە و لەم پەیوەندییەدا، خوشک و برای محەممەد غەریب فەیزی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە درێژەدان بە خوێندن هەڵپسێردراون.

محەممەد غەریب فەیزی سەرەڕای چالاکی سیاسی، لە چالاکی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان و لە چالاکانی کورد بووە، کە رێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٠ی هەتاوی لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە بەندکران و دانانی بارمتە مەحکووم کرا.

ئەم چالاکە سیاسییە کوردە، پاش مەحکووم بوون لە لەیەن دادگای ئینقلاب و بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، کوردستانی ئێرانی بەجێهێشت و ئێستا لە دەرەوەی زێدی خۆی بە سەر دەبات.

ئاویەر.ت