کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: ساڵی ٢٠١٤ی زایینیی بە \"ساڵێکی رەش بۆ مافی مرۆڤ\" ناودێر کرد

21:04 - 6 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوی لیبوردنی نێونەتەوەیی لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا رایگەیاند کە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی ساڵێکی رەش بۆ مافی مرۆڤ بووە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان رێکخراوی لیبوردنی نێونەتەوەیی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردەوە کە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی ساڵێکی رەش بۆ مافی مرۆڤ بووە و شەپۆلی پەنابەران لە جیهاندا لە سەردەمی شەڕی جیهانی دووهەمەوە هەتا ئێستا بێ وێنە بووە.

ئەو رێکخراوە نێونەتەوەییە هەروەها ساڵی ٢٠١٤ی زایینیی بە ساڵێکی کارەساتبار بۆ مرۆڤایەتی وەسف کرد و رایگەیاند ئەمساڵ بە میلیونان کەس لەژێر سێبەری ترس لە رفاندن، ئەشکەنجە، دەسترێژی جینسی و هێرشە مووشەکیەکان ژیاون.

سلمین کالیسکان، سەرۆکی رێکخراوی لیبوردنی نێونەتەوەیی لە وڵاتی ئاڵمان لە کاتی بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتە هەروەها رایگەیاند کە شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداری قورس و روو لە زیادبوون لە جیهان گەورەترین شەپۆلی پەنابەرانی لە سەردەمی شەڕی جیهانی هەتا ئێستا تۆمار کردووە.

رێکخراوی لیبوردنی نێونەتەوەیی لە راپۆرتی خۆیدا لەسەر گرووپە میلیشاکان وەکوو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریە و گرووپی تێرۆریستی بوکوحەرام لە نیجریە یا جیایی خوازانی لایەنگری رووسیە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراین هۆکاری توندوتیژی توند لە ساڵی رابردوو و ئێستادا بووە.

کالیسکان کردەوەی دەوڵەتان و کۆمەڵگای جیهانی لە بەرانبەر بەرزبوونەوەی توندوتیژییەکان و دۆخی نالەباری پەنابەری شەرهێنەر وەسف کردو وتی : ئەو بەڕاستی سەرنەکەوتنێکی تەواو بوو و بە جێگای ئەوەیکە لە هاووڵاتییانی سڤیل پشتیوانی بکرێت بەرژەوەندیی ئابووری، نەتەوەیی و ژێئۆپۆلێتیک بەربەستێک بوو لەسەر رێگای دەوڵەتان تا هاوکاریی یەکتر بکەن ئەوەش بووە هۆی ئەوەیکە شەڕ لە ناوچەکە توندتر بێت.

رێکخراوی لیبوردنی نێونەتەوەیی دۆخی مافی مرۆڤی لە ١٦٠ وڵاتی جیهان تاوتوێ کردووە رایگەیاندووە کە ١٣١ وڵاتی جیهان لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆیان توندوتیژیان ئەنجام داوە و ١١٩ وڵاتی دیکەش ئازادی رادەربڕینیان سنووردار کردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئەو رێکخراوە نێونەتەوەییە لە ساڵی رابردوودا ١٨ حاڵەت جەنایەتی جەنگی یا حاڵەتەکانی دیکەی پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکان تۆمار کردووە و لە ٣٥ وڵاتدا چالاکیی گرووپە میلیشا چەکدارەکان تۆمار کراوە.

هەروەها سەرۆکی رێکخراوی لیبوردنی نێونەتەوەیی لە درێژەی راپۆرتەکەیدا رایگەیاند کە ٥٧ میلیۆن کەس بە هۆی شەڕ، تێرۆر و قات و قڕی لە جیهاندا ئاوارە بوونە و ژمارەی پەنابەرانی لە سەردەمی شەڕی جیهانی هەتا ئێستا بێ وێنە وەسف کرد.

تەنیا لە سووریە ٤ میلیۆن کەس بە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی ماڵ‌وحاڵیان بەجێهشتووە کە لەسەدا ٩٥ی ئەو پەنابەرانە لە وڵاتانی دراوسێ نیشتەجێ بوونە.

بە وتەی کالیسکان وڵاتی لوبنان ٧١٥ جار زیاتر لە تەواوی وڵاتانی ئورووپایی پەنابەری سووریی تێدا نیشتە جێیە کە ئەو ئامارەی شەرم هێنەر وەسف کرد.

گادەر. د