کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی دەورەی ٢١٤ی سەرەتایی پێشمەرگە لە بنکەی حیزبی دێموکرات

16:01 - 9 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی کۆتایی دەورەی ٢١٤ی سەرەتایی پێشمەرگە لە فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە بەشداریی رێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات لە فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ کۆتایی‌هاتنی دەورەی ٢١٤ی سەرەتایی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمی کۆتایی‌هاتنی سەرکەوتوانەی دەورەی ٢١٤ی سەرەتایی، بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان، بەشدابوانی دەورەی٢١٤ی سەرەتایی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە رژەی نیزامی، شەڕی سەرەنەیزە و بڕینی مەیدانی مەوانیع، لێهاتوویی خۆیان پیشان دا.

لە بەشی دووهەمی ئەم رێوڕەسمە تایبەتەدا، سەرکەوت سەمەدی، بەرپرسی فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی کۆتایی‌هاتنی دەورەی ٢١٤ی سەرەتایی پیشمەرگەوە و پەیوەست‌بوونی پۆلێکی دیکە لە لاوانی کورد بە ریزەکانی حیزبی دێموکراتەوە، چەند وتەیەکی پیشکەش کرد.

سەرکەوت سەمەدی لە وتەکانیدا پاش پیرۆزبایی لە بەشداربوانی دەورە‌ی ٢١٤ی سەرەتایی پێشمەرگە چەند وتەیەکی سەبارەت بە سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و هەروەها دۆخی ناوچەکە پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژە دا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە درێژایی مێژوو هەوڵی لەناوبردنی نەتەوەی کوردی داوە و لە هەموو شێوازێک کەڵکی وەرگرتووە کە یەکێک لەوانە بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان بە شێوەی ئاگاهانە لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی رێژیم بووە تاکوو بەم شێوەیە هەست و وزەی لاوانی کورد بەلاڕێدا بڕوات.

سەمەدی لە درێژەدا وتی: ئەمڕۆکەش داعش رووی لە سنوورەکانی کوردستان کردووە و جەنایەت ئەنجام دەدات، بەڵام ئەوە هەر لاوانی نیشتمانپەروەرن کە لە بەرەکانی شەڕ دژی ئەو گرووپە تێرۆریستییە شەڕ دەکەن و بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکەن.

بەرپرسی فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکرات لە درێژەدا پێداگری کردەوە کە ئاڵوگٶڕەکان لە جیهاندا بە شێوەیەکی خێرا روو دەدەن و بێ گومان کوردستانیش لەو گٶرانکارییانە بێبەش نابێت و دەبێ ئێمەش بە وشیاری و ئاگاهانە ئەو گۆڕانکاریانە بقۆزینەوە.
دواتر، سروودێک لە ژێرناوی ئەی شەهیدان لەلایەن بەشداربوانی دەورەی سەرەتایی ٢١٤ پێشمەرگە بە هاوکاری کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم رێوڕەسمەدا، پەیامی ئامووزشیی دەورەی ٢١٤ لەلایەن سامرەند ئەنبەری‌ئازەر مامۆستای فێرگەی حیزبی دێموکراتەوە، خوێندرایەوە.

پێشکەش‌کردنی شیعرێک لە ژێرناوی بۆ وەتەن لەلایەن بەشداربووی دەورە، وریا ئیبراهیمیـەوە، بەشێکی دیکە لە بەرنامەکانی ئەم رێوڕەسمەی پێک هێنابوو.

پاشان، پەیامی دەورەی سەرەتایی ٢١٤ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لەلایەن شەهرام میرزاییـەوە پێشکەش کرا.

پاشان گۆرانیی خاڵۆ خاڵۆ لە بڕگەی دواتری رێوڕەسمەکەدا لەلایەن سیرووس کەمەریـوە پێشکەش بە بەشداربوان کرا.

رێوڕەسمەکە بە دابەشکرانی خەڵات لە دوو بەشی دەرس و ئەخلاق بە بەشداربوانی سەرکەوتووی دەورەکە تەرخان کرابوو.

لە بەشی کۆتایی رێوڕەسمەکەدا گۆرانیی یادت دەکەم لەلایەن وریا ئیبراهیمیـەوە پێشکەش کرا.

ئاویەر.ت