کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لەلایەن رێژیمی ئیسلامییەوە میلیتاریزە کراوە

20:15 - 9 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە جێگیرکردنی هێزە نیزامییەکانی خۆی لە هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان، فەزای ئەمنییەتی لەسەر ئەو ناوچانە زاڵ کردووە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٨ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پێناو میلیتاریزەکردنی ناوچەکانی کوردستان، چەندین گرووپی هێزە نیزامییەکانی لە ناوچەی سەرشیوی شاری سەقز جێگر کردووە.

دەوترێت کە هێزەکانی ناسراو بە گرووپی زەربەتی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بە دەیان ماشێن لە سەرجاددەی سەقز ــ مەریوان تێپەڕیون و بە جێگیربوون لە بەرزاییەکانی وەک کەسنەزان و ئیسحاق ئاباد\'\'ی ناوچەی سەرشیو، سەقزیان میلیتاریزە کردووە و بەو شێوەیە فەزایەکی ئەمنیەتییان بەسەر ناوچەکەدا زاڵ کردووە.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی ناوچەی سەرشیوی سەقز لە وتووێژێکدا بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: هێزەکانی سپای پاسداران لەژێر فەرماندەریی ئەحمەد فەرەجی، چەک‌وچۆڵی وکوو RPG، دۆشکا و ... پێبووە و بە بڵاوبوونەوە لە ناوچەکەدا سەرەڕای دروستکردنی کەش و هەوایەکی ئەمنییەتی، هاتوچۆی هاووڵاتیانیان خستووتەوە ژێر چاوەدێریەوە.

لەو پەیوەندییەدا بەپێی راپۆرتەکانی گەیشتوو لە شاری ئورمیە، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو ماوەی دواییدا بە دروستکردنی پایگا و بنکەی نیزامی لە ناوچەی ئەنزەل و سۆمای بڕادۆست فەزایەکی ئەمنییەتیی بەسەر ناوچەکەدا زاڵ کردووە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، هێزەکانی رێژیمی ئێران لەو ناوچەیەدا، هاتوچۆی هاووڵاتیانیان خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە و ئەوەش نیگەرانی دانێشتوانی ئەو ناوچەیەی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی ئەوەیکە کەش و هەوایەکی ئەمنییەتی لە ناوچەکەدا دروست ببێت.

راپۆرتەکان لە ناوچەی ئەنزەلی ئورمیە باس لەوە دەکەن کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پێناو چڕترکردنەوەی فەزای ئەمنییەتی و گوشارەکان بۆ سەر کوردستان و هەروەها بەرەوپێشبردنی سیاسەتی بە بەسیج کردنی خەڵکی کوردستان هاووڵاتیانی ئازار و ئەزیەت داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی پایگای نیزامی و ئیتلاعاتی گوندی کاسبی ناوچەی ئەنزەل بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند کە هەنووکە ٣٥٠ کەس لە پایگای ئەو گوندە بوونیان هەیە و ٤٥ کەسیان کوردن.

دەوترێت کە هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە پایگای گوندی کاسب لە رێگای کەسانێکەوە وەک خوسرەو عەبدی بەردەوام هاووڵاتیانی کورد ئازار و ئەزیەت دەدەن و بە پەرەپێدانی چالاکییەکانی خۆیان شەپۆڵیکی نیگەرانیان خستووەتە نێو دڵی هاووڵاتیان.

لە حاڵێکدا کە ٣٦ ساڵ لە هێرشی نیزامی رێژیمی ئیسلامی بۆ سەر کوردستان تێپەڕ دەبێت، کوردستان بەردەوام لەژێر چاوەدێری ئەمنییەتی دایە و بەرەو میلتاریزەبوونی زیاتر رۆیشتووە.

لەو پێناوەدا، پوشتە و پەرداخترین یەکەکانی سپای پاسدارن، بەسیج و خۆفرۆشەکان، ئەرتەش، مەرزبانی، هێزی ئینتزامی و دەزگا ئیتلاعاتییەکان لە کوردستان بە شێوەی ئارایشی جەنگی لە کوردستان جیگیر بوون.

رێژیمی ئێران بە میلیتاریزەکردنی کوردستان و دروستکردنی فەزای ترس و تۆقێنەر لە هەوڵی ئەوە دایە کە لە سەرهەڵدانی هەر جۆرە بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی لە کوردستان پێش بگرێت.

میلیتاریزەبوونی کوردستان هەتا ئێستا نەیتوانیەوە ببێتە هۆی بەربەست بۆ چالاکییە مەدەنییەکانی هاووڵاتیانی کورد و ساڵانە چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرینی لە سەرتاسەری کوردستان لەلایەن چالاکانی مەدەنی و هاووڵاتیانی کورد بەڕێوە دەچێت و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەست بداتە سەرکوت، بانگهێشت، دەستبەسەرکردن و مەحکووم کردنی هاووڵاتیانی کورد و بەم شێوەیە پێش لە چالاکییە مەدەنی و ناڕەزایەتییەکان پێش دەگرێت.

ئاویەر. ت