کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای ماڵاوایی یاشار کەماڵ!

13:18 - 11 رەشەمه 2714

قادر ئەلیاسی

دوێنێ شەممە، رێکەوتی ٢٨/٢/٢٠١٥، یاشار کەماڵ، نووسەری کوردی بە تورکی نووس، لە تەمەنی ٩٢ سالێدا لە نەخۆشخانەیەکی ئیستانبول کۆچی دوایی کرد. زۆر کەڕەت سەبارەت بەو هزرڤانە کوردانەی کە بە زمانی کوردی بەرهەمەکانیان بڵاو نەکردۆتەوە، بابەت نووسراوە. منیش یەکێک لەو کەسانە بووم، لە روانگەی خۆمەوە، ئاوڕم لەو باسانە و ئەو کەسایەتییانە داوەتەوە.

بە بۆچوونی من، ئەو خاوەن پێنووسانە دەشێ پۆلین بکرێن بە ٣ بەش. بەشی یەکەم لە خزمەتی نەتەوەی فەرمانڕەوادا بوون. نموونەی رەشیدیاسمی یە. ئەگەرچی ناوبراو هەڵبەستی بە زمانی کوردی نووسیووە، بەڵام ناوەرۆکی کتێبەکەی (کورد و پێوەندییە رەگەزییەکانی) چەواشەکاریی مێژووی کوردی پێوە دیارە و نەتەوەکەی خۆی کردووە بە ژێر تەوشێی فارس. لەو دەستەیە جگە لە یاسمی، عیسا پەژمان و عیرفان قانعی فەرد، نموونەی قەڵەم‌فرۆشی کوردن بۆ دەسەڵاتی شا و شێخ لە ئێران.

دووهەم، ئەو پێنووسانەی کە نووسینەکانیان بە زمانی نەتەوەی فەرمانڕەوایە، بەڵام ناوەرۆکی نووسینەکانیان جگە لە خزمەت کردن بە ئەدەبی نەتەوەی فەرمانڕەوا(فارس، عەرەب و تورک)، زیانی بۆ نەتەوەی کورد نەبووە. نموونەی ئەم بەشە، بەرهەمەکانی ئەبولقاسم لاهووتی، عەلی محەممەد ئەفغانی، عەلی ئەشرەف دەرویشیان، ئیبراهیم یونسی، یاشار کەماڵ، محەممەد قازی و سەلیم بەرەکاتە. ناوەرۆکی بەرهەمەکانی ئەم بەشە، زیاتر باس لە چەوسانەوەی چینایەتی و بەگژداچوونەوەی نیزامە سەرمایەدارییەکان دەکا. لایەنی مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازی لەم بەشەدا زیاتر زەق دەکرێتەوە. بەڵام بەرهەمەکە دەچێتە خانەی ئەو زمانەی کە پێی نووسراوە.

بەشی سێهەم، ئەو بەرهەمانەیە کە ئەگەرچی بە کوردی نەنووسراون، بەڵام بۆ ناساندنی مێژووی کورد و کێشەی کورد تەرخان کراون. نموونەی رۆمانی نزا بۆ ئارمێنی یونسی، کورد و کوردستانی واسیلی نیکیتن کە قازی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی، رۆمانی چیای ئاگریی یاشار کەماڵ و ...

لە بواری گۆرانی و مووزیکدا دیسان نموونە زۆرن. ئیبراهیم تاتلیساس و شارام نازری، دوو نموونەی بەرچاوی ئەو بەشەن. 

ئەم بوارەش دیسان پۆلین دەکرێ بە سەر ئەو سێ بەشەی سەرەوەدا. واتە دەرباری، چەپ و نەتەوەیی. گشت ئەم هزرڤانانە لەو وڵاتەی کە تێیدا لە دایک بوون، رێگایان نەدراوە بە زمانی زگماکی بخوێنن و پەروەردە ببن. بۆیە کاتێک هزر و بیرێکی رووناکبیری یان هونەرییان تێدا دەرکەوتووە، بەو زمانە هاتوونەتە نووسین یان چڕین کە پێی پەروەردە کراون.

بە کورتی، ئەم کەسایەتییە خاوەن هزر و هونەرانە، لە بەر نووسینی بەرهەمەکانیان بەو زمانەی کە پێیان نووسیوە، نابێ لۆمە بکرێن. تەنیا ناوەڕۆکی نووسینەکانیانە کە دەیانخاتە بەر رەخنە ئەگەر بە لایەنگری لە دەسەڵاتی داگیرکەر بایاندابێتەوە. 

من، وەک ناوەڕۆکی کتێبەکانی یاشار کەماڵ، ئەوانەی کراون بە کوردی یان فارسی و خوێندومەتەوە، هەست دەکەم بیری ئەو نووسەرە تێکەڵاوێکە لە چەوسانەوەی چینایەتی و نەتەوایەتی لە تورکیە. 

لە کۆتایی ئەم نووسینە سەرپێیەدا، دەمهەوێ روو بکەمە ئەو ئازیزانەی کە زۆر خراپ دادەبارنە سەر یاشار کەماڵی کۆچکردوو، ئەم رابردووە بخوێننەوە. ئەوسا، بە تێبینی زیاترەوە بڕیار بدەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە