کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوپاسنامەی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان بە بۆنەی پێشوازیی مامۆستایانی کورد لە مانگرتنی سەرتاسەری

14:44 - 11 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی پێشوازیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران لە مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ئێران، سوپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانانی هێژا!

هەروەک هەموو لایەک ئاگادارین، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، مامۆستایانی تێکۆشەری کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تێکڕای کانوونە سینفیەکانی مامۆستایانی ئێران بە مەبەستی دەستەبەربوونی ماف و ئازادیەکانیان، دەستیان دایە مانگرتنێکی سەرتاسەری و لە بەردەم ئیدارەی پەروەردەی پەیوەندیدار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی جەماوەرییان وەرێخست. شایانی باسە کە لە دوای پێنج ساڵ سەبر و خۆخواردنەوە، مامۆستایان بۆ جارێکی تر خۆیان سازمان دایەوە و لەژێر دروشمی بە بێدەنگی هاوار دەکەین، ویستی رەوای خۆیان بۆ کۆمەڵگا شیکردەوە و دەنگی ناڕەزایەتیان بە گوێی بەرپرسانی پەیوەندیدار گەیاند.

قوتابیانی خۆشەویست و بنەماڵە بەڕێزەکان!

ئەگەرچی دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئامانجی جیاکردنەوەی ریزەکانی قوتابی و مامۆستایان، هەوڵی بەلارێدابردنی هزری کۆمەڵگا دەدات، بەڵام لە سەردەمی ئەمرۆدا ویست و داخوازییەکانی مامۆستایان بە ساناهی کەمڕەنگ ناکرێنەوە. وەختێک پلاکارت گەلێک وەک خوێندن بە زمانی دایکی مافی منداڵانی ئێمەیە و بەڵێ بۆ واریز کردنی سەرانەی قوتابخانە بە دەستی مامۆستایانی کۆڵنەدەری ئێمەوە دەشکێنەوە، سەلمێنەری ئەو راستیەن کە مامۆستایانی کوردستان بە روونی هەست بە ئازار و مەینەتەکانی گەلەکەیان دەکەن. کە واتە پشتگری کردن لە داواکاری مامۆستایان، داکۆکی کردنە لە بەشێک لە مافە پێشێل کراوەکانی گەلی کورد.

مامۆستایانی دەروەست و خۆڕاگری کوردستان!


هەروەک دیتمان، لەگەڵ دەسپێکی جووڵانەوەی ئەمجارەتان، دەنگ و رەنگی زۆلالی ئێوە لەلایەن تۆڕە کۆمەڵایەتی و راگەیەنە گشتییەکانەوە بە خێرایی کەوتنە بەرچاوی هەموان و بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، زۆربەی نزیک بە تەواوی میدیا سەربەخۆکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیان گرتەوە. هەر بۆیە دەزگای سەرکوتی نیزامی ئیسلامیی ئێران و راگەیەنە پاوانخوازەکانیان، دەبێ زۆر باش بزانن کە چیتر ناتوانن رووی راستەقینەی رووداوەکان بشارنەوە و ئامانج و ویستەکانتان بەرە و هەڵدێر ببەن.

یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، بە بەرز نرخاندنی ئیرادەی پتەوی مامۆستایانی تێکۆشەری کوردستان، وێڕای سپاس و پێزانین خۆی دەستی یەکیەتی و برایەتییان دەگوشێ و پەیمانیان لەگەڵ نوێ دەکاتەوە کە تا وەدیهاتنی ئامانجەکانیان هاورێ و هاوکاریان بێ.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
١١ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی
٢ی فێڤریەی ٢٠١٥ی زایینی