کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە کوردستان سەرەڕای گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنییەتی

16:23 - 11 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: مامۆستایانی کوردستانی ئێران، سەرەڕای هەڕەشە و هەوڵدانی ناوندە ئەمنییەتییەکانی رێژیم و گرتنەبەری رێوشوێنی توندی ئەمنییەتی، پێشوازیان لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایانی ئێران کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی رەشەممەی ١٣٩٣ی هەتاوی، مامۆستایانی زۆربەی شارە کوردنشینەکانی ئێران لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی مامۆستایان لە ئێران بەشدارییان کرد.

راپۆرتەکان لە کوردستانی ئێران باس لەوە دەکەن کە مامۆستایانی زۆربەی شارە کوردنشینەکان وەک سنە، سەقز، بانە، مەریوان، بۆکان، پیرانشار، سەردەشت، ئیوان، ئورمیە، سەرپێڵی زەهاو، ئیلام، کرماشان، جوانڕۆ و سەوڵاوا لە دەربڕینی ناڕەزایەتی سەرتاسەری مامۆستایان لە ئێران پیشوازییەکی بەرچاویان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوە لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا رایگەیاندووە: رێژیمی ئێران لە رێگەی هەڕەشە کردن لە هەوڵدا بوو کە پێش لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوانە بگرێت و رۆژی شەممە حەڕاسەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان و ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم پەیوەندییان بە مامۆستایان کردووە و سەرەڕای هەڕەشە لە مامۆستایان داوایان کردووە کە پێشوازی لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان نەکەن.

یەکێک لە مامۆستایانی کوردی خەڵکی بۆکان لەم پەیوەندییەدا بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا راگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیران لە بۆکان سەر لە بەیانی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ رەشەممەی ١٣٩٣ی هەتاوی، کاتی بەرێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی سەرتاسەری مامۆستایان لە پێناو پێش گرتن بە ئاگادر نەکردنەوەی مامۆستایان و بڵاوبوونەوە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەستیان بەسەر گوشی موبایلی مامۆستایان داگرت و سەرەڕای ئەم کردەوەیە، مامۆستایانی بۆکان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان بەڕێوە برد.

راپۆرتەکان هەروەها باس لەوە دەکەن کە بەرپرسان پاش بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ پیشوازی بەرچاوی مامۆستایانی کوردستان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی سەرتاسەری، داوایان لە مامۆستایان کرد کە بۆ شوێنی نوێژکردنی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بڕۆن و لەوێ کۆبوونەوە بەڕێوە ببن، بەڵام مامۆستایانی کورد ئەم داواکارییەی بەرپرسانیان قەبووڵ نەکرد.

هۆکاری ئەم خۆپیشاندانە بۆ بوودجەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لە ساڵی داهاتوودا و هەڵاواردن لە نێوان کارمەندانی دەوڵەت راگەیاندراوە.

لە حاڵێکدا دەوترێت کە کانوونی سێنفی مامۆستایانی ئێران لە وەزارەتی وڵات داوای کردووە کە مۆڵەتی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان رێکەوتی ١٠ی رەشەمە بدرێت، بەڵام هەتا ئێستا راپۆرتێک سەبارەت بە قەبووڵ کردنی وەزارەتی وڵات لەگەل ئەم خۆپیشاندانە بڵاو نەکراوەتەوە.

ئاویەر.ت