کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات

13:09 - 12 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: عومەر حەمیدی، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند کۆچی دوایی کرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٩ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، عومەری حەمیدی، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و تێکۆشەری سەرەدمە سەختەکانی خەبات و تێکۆشان، بە هۆی راوەستانی دڵ، لە شاری ڤاسای وڵاتی فینلاند ماڵاوایی لە ژیان کرد.

عومەر حەمیدی ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی لە ناوچەی شنۆ چاوی بە ژیان هەڵێنا. پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات پەیوەست بوو بە ریزەکانی حیزبی دێموکراتەوە چەکی پێشمەرگایەتیی کردە شان.

ئەم تێکۆشەرە دیڕینەی حیزبی دێموکرات، لە کۆنگرەکانی هەشتەم، نۆیەم و دەیەمی حیزبدا وەکوو ئەندامی رێبەڕیی حیزب هەڵبژێردرا و بۆ ماوەی دە ساڵ ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکرات بوو.

شەهید عومەر حەمیدی، کوڕی رۆژانی تەنگانە و خەباتکاری بەوەفای رێبازی شەهیدانی کورد و کوردستان بوو و لە دەیان ناوچەی کوردستانی ئێران، شۆڕشگێڕانە چالاکی و تێکۆشانی نواند و تا دوا ساتەکانی ژیانی بە سەروەرییە نەتەوەییەکان پابەند بوو و لەو پێناوەشدا تامی تاڵی غەریبیی چێشت و دەیان ئاوات و ئارەزووی لە ناخی خۆیدا هەڵگرت.

ئاویەر.ت