کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی دیکەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە سووریە کوژرا

15:51 - 12 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: فەرماندەیەکی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بە ناوی عەلیڕەزا تەوەسۆلی کە یەکێک لە فەرماندەرانی گوردانی فاتمیوون بوو لە سووریە کوژرا.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، فەرماندەیەکی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بە ناوی عەلیرەزا تەوەسۆلی ناسراو بە ئەبوو حامید سەر بە لقی دەرەوەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە سووریە کوژرا.

تەوەسۆلی لە ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران بووە کە لە شەڕی نێوخۆیی سووریە بە دەستی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە کوژراوە.

جیا لە کوژرانی ئەو فەرماندەیەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران ٦ کەسی دیکەی سەر بە هێزی سپای پاسداران بە ناوەکانی رەزا بەخشی، مەحموود کەریمی، جاوید یووسفی، نێعمەتووڵڵا نەجەفی، قاسم سادات و حوسێن حوسێنی لە سووریە کوژراون و قەرارە رۆژی چوارشەممە لاشەی ئەو ٧ کەسانە‌ی سەر بە سپای پاسدران، رادەستی رێژیمی ئێران بکرێنەوە.
گوردانی فاتمیوون لە هەنێردراوانی ئێرانی و ئەفغانی پێکهاتووە.

هێزەکانی سپا و بەسیجی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی گرووپەکانی وەکوو گوردانی فاتمیوون یا لە ژێر ناوی وەکوو بەرگری لە حەرەمی حەزرەتی مەعسوومە بە مەبەستی بەرگری کردن لە رێژیمی بەشار ئەسەد، لە شەڕی سووریە بەشدارن و شان بە شانی هێزەکانی رێژیمی سووریە هاووڵاتییان دەکوژن.

بەشداریی بەرچاو و بەرینی هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە و پشتیوانی هەمە لایانە لە رێژیمی بەشار ئەسەد و دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ سەرکوتی هاووڵاتییانی سڤیل و کوشتاری دڕندانەی ئەوان، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئۆپۆزیسیۆنی سووریە ئەوە رابگەیەنێ کە رێژیمی بەشار ئەسەد رووخاوە و هەنووکە سپای پاسدارن لە سووریە دەسەڵاتی بە دەستەوەیە.

گادەر. د