کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێری: هەتا ئێستا هیچ جۆرە رێکەوتنێک لەگەڵ رێژیمی ئێران نەهاتووەتە ئاراوە

20:17 - 12 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی کە هیچ جۆرە رێکەوتنێک لەگەڵ رێژیمی ئێران نەهاتووەتە ئاراوە، رایگەیاند کە رێگایەکی دوور و درێژ هەتا گەیشتن بە رێکەوتنی ناوکی لە پێشدایە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئاسۆشەیتێدپرێس جان کێری، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ١١ی رەشەممەی ١٣٩٣ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە ژنێڤ رایگەیاند کە هەتا ئێستا هیچ رێکەوتنێک لەگەڵ رێژیمی ئێران بە ئەنجام نەگەیشتووە و ئامریکا بە ئاکام نەگەیشتنی رێکەوتن لەگەڵ رێژیمی ئێران لە رێکەوتنێکی خراپ بەباشتر دەزانێت.

لێدوانی جان کێری هاوکات لەگەڵ دەستپێکی خولی نوێی دانوستانە ناوکییە دوو لایەنەکانی رێژیمی ئیران و ئامریکا لە شاری مۆنترۆ لە سوئیس، بڵاو کراوەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە درێژەدا رایگەیاند: سەرەکیترین پرس لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران بۆ گەیشتن بە رێکەوتن، ئەوەیە کە رێژیمی ئێران قەبووڵ بکات بەرنامەی ناوکییەکەی لەژێر کۆنتڕۆڵ دابێت کە قەبووڵی ئەو بەڵێنیەش لەسەر بەردەوامبوون لە لێکۆڵینەوە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران جێبەجێ دەکرێت.

لەم پەیوەندییەدا، باراک ئوباما، سەرکۆماری ئامریکایش لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی رۆیتێرز جەختی کردووەتەوە کە هەنووکەش ئەگەری دەستپێڕانەگەیشتن بە رێکەوتنی ناوکی وەک خۆی ماوەتەوە، رایگەیاندووە کە رێژیمی ئێران دەبێ بۆ ماوەی ١٠ ساڵ چالاکی ناوکی خۆی بوەستێنێت و لەو ئاستە کە هەیە بیهێڵێتەوە.

باراک ئوباما لە قسەکانی خۆیدا رێکەوتنی ناوکی، چاکترین رێگای پێشگیری بە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی لەلایەن رێژیمی ئێران ناوبردووە.

قسەکانی باراک ئوباما لە حاڵێکدایە کە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەرۆک‌وەزیری ئیسرائیل لە دانیشتنێک لە ئامریکا، رێکەوتنی ناوکیی ئامریکا لەگەڵ ئێرانی بە مەترسیدار وەسف کرد و رایگەیاندووە: رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رێژیمی ئێران ئەمنییەتی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە.

سێناتۆر مارکۆ رۆبییۆ، سێناتۆری کۆماریخواز و خوازیار و ئەگەری ئەوەی هەیە خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماری ساڵی ٢٠١٦ی زایینی ئامریکا کاندید بکات، دانوستانی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران مەحکووم بە شکست وەسف کردووە و خوازیاری لەناوبردنی تەواوی بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران بوو.

پێشتریش، جان کێری وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە لێدوانێکدا لە دانیشتنی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا رایگەیاند: دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بۆ ئێران هەتا هەتایە قەدەغەیە.

جان کێری لە وڵامی نیگەرانییەکانی ئەندامانی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا وتی: لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتن لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران بژاردەی نیزامی هەروا لەبەر دەست دایە.

هەروەها، یۆکیا ئامانۆ، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاندووە بە هۆی هاوکاری نەکردنی رێژیمی ئێران سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی بەرنامەی ناوکیی ئەو رێژیمە، ئاژانس ناتوانێت بەرنامەی ناوکیی ئێران ئاشتیخوازانە بناسێنێت.

ئاویەر.ت