کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەکی کورد بە چوار مانگ و یەک رۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

20:43 - 12 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: مامۆستایەکی کوردی قوتابخانە سەرەتاییەکانی میاندواو پاش بێبەش بوون لە وانە‌وتنەوە بە زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ١١ی رەشەممەی ١٣٩٣ی هەتاوی، حەبیب ئاغازەمان مامۆستای کوردی قوتابخانە سەرەتاییەکانی ناوچەی چۆمی مەجید خان سەر بە شارستانی میاندواو، بە تۆمەتی رێز گرتن لە بۆنە نەتەوایەتییەكان و ئامادەبوونی لەو رۆژانەدا بە جل‌و‌بەرگی كوردییەوە لە پۆل لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارە‌وە بە چوار مانگ و یەک رۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

حەبیب ئاغازەمان ماوەیەک لەمەوبەر پاش ٨ ساڵ وانە‌وتنەوە لە قوتابخانەکانی ناوچەی چۆمی مەجید خان و هەروەها ئاوایی سەوڵی تەپە سەر بە شاری میاندواو، لەلایەن ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ئورمیە بانگهێشت کراوە و پێی راگەیەندراوە کە لەسەر بڕیاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ئورمیە لە وانەوتنەوە بێبەش کراوە.

ئەم مامۆستا کوردە چەند جار بە مەبەستی بەدواداچوونی بارودۆخی خۆی و وڵام وەرگرتنەوە لە بەرپرسان نیسبەت بە هۆکاری بێبەش بوونی لە وانەوتنەوە، سەردانی ئیدارەی پەروەردەی کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکی وەرنەگرتووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەم پەیوەندییەدا بڵاوی کردووەتەوە کە حەبیب ئاغازەمان چەند رۆژ پێش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کرابوو.

ئاویەر.ت