کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

روونكردنەوەی سكرتاریای حیزبی دێموكرات لە بارەی هێرش بۆ سەر کەمپی ئازادی

15:17 - 13 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی روونکردنەوەیەک داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە هەنگاوی جیددی بۆ کۆتایی هێنان بە بێ‌ڕێزی و بێ‌حۆرمەتی کردن بە کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات هەڵبگرن.

دەقی روونکردنەوەکە بەم چەشنەیە:

سەر لە بەیانیی رۆژی سێشەممە ١٢/١٢/١٣٩٣ی هەتاوی بەرامبەر بە ٣/٣/٢٠١٥ی زایینی، بە دوور لە هەرچەشنە پرەنسیپێكی یاسایی ‌و مەدەنی ‌و بە بیانووی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نێوان دوو بنەماڵە، هێزێكی هاوبەشی ئاسایش ‌و پۆلیسی كۆیە هێرش دەكەنە سەر كەمپی ئازادی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە ‌و بێ‌ریزییەكی زۆر بە ژن‌ و منداڵ ‌و كادر‌و پێشمەرگەكانی حیزب دەكەن.

ئەمە یەكەمجار نییە كە هەڵسوكەوت ‌و هێرشی لەم چەشنە لە لایەن هێزەكانی پۆلیس‌و ئاسایشی شاری كۆیە بە نیسبەت حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ئەنجام دەدرێ ‌‌و هەرجارە بەرپرسانی حیزبی دێموكرات بۆ ئەوەی گرژی ‌و ئاڵۆزی روو نەدا هەوڵی هێوركردنەوەی بارودۆخەكەیان داوە، بەڵام ئەمجارەیان هێزەكانی ئاسایش ‌و پۆلیس، لێدان ‌و بێحورمتییەكی زۆریان بە ژنان ‌و منداڵان ‌و هەروەها كادر ‌و پێشمەرگە كە لە شوێنەكە بوون كردووە.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ئەم هەڵسوكەوتەی هێزەكانی كۆیە بە تەواوی مەحكووم دەكات ‌و داوا دەكات كە ناوەندە بڕیاربەدەستەكانی حكوومەتی هەرێم ‌و هەروەها بەرپرسانی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە شاری كۆیە دەوری سەرەكی لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی شارەكە دەگێڕن هەنگاوی جیددی بۆ كۆتایی هێنان بەم جۆرە هەڵسووكەوتانە بێنن. هەر لەو كاتەدا داوا لە بیروڕای گشتی ‌و بەتایبەت خەڵكی بەشەرەفی كۆیە دەكەین بەرامبەر بەم بێحۆرمەتییانە بێ‌تەفاوت نەبن. بۆ ئەوەی هێزەكانی ئاسایش‌و پۆلیس كە دەبێ پارێزەری حۆرمەت ‌و كەرامەتی خەڵك بن خۆیان خۆلقێنەری رووداوی لەم چەشنە نەبن.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
سكرتاریا
١٣ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی
٤ی مارسی ٢٠١٥ی زایینی