کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە بارەی هێرش بۆ سەر بنکەی حیزبی دێموکرات + ڤیدیۆ

13:05 - 14 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بارەی هێرشی هێزەکانی ئاسایش بۆ سەر کەمپی ئازادی، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی بۆ ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە پێک هێنا.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر ٤ی پاش‌نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٣ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی روونکردنەوە بۆ رای گشتی، لەمەڕ هێرشی هێزی ئاسایش بۆ سەر کەمپی ئازادی، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی بۆ لوقمان مێهفەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە رێکخست.

لوقمان مێهفەر لە کۆنفراسە رۆژنامەوانییەکەدا وێڕای پێداگری لەسەر ئەوەی کە ئەمە یەكەمجار نییە كە هەڵسوكەوت ‌و هێرشی لەم چەشنە لە لایەن هێزەكانی پۆلیس ‌و ئاسایشی شاری كۆیە بە نیسبەت حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ئەنجام دەدرێ ‌ت، ئەم هەڵسوکەوتەی بە دوور لە هەر چەشنە یاسا و پرەنسیپێک وەسف کرد.

مێهفەر هەروەها سەبارەت بە بەزاندنی سنووری نیشتەجێ‌بوونی حیزب، گوێ‌نەدان بە نیگابان و هەروەها هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک لەلایەن ئاسایشەوە وتی: ئەم کارانە لە هەر هێزێک بوەشێتەوە، لە هێزی ئاسایش ناوەشێتەوە.

لوقمان مێهفەر لە درێژەی قسەکانیدا ئەم کردەوەیەی مەحکووم کرد و داوای کرد کە ناوەندە بڕیاربەدەستەكانی حكوومەتی هەرێم ‌و هەروەها بەرپرسانی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان هەنگاوی جیددی بۆ كۆتایی هێنان بەم جۆرە هەڵسووكەوتانە هەڵبگرن.

مێهفەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا بەو پرسیارانەی کە لەلایەن رۆژنامە‌نوسانەوە ئاراستەی کرا بە شێوەی روون وڵامی پرسیارکانی دایەوە.

لەکۆتاییدا هیوای خواست کە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆیان هەبی بەرانبەر ئەو کەسانەی کە ئەم کارەیان کردووە و پێداگری حیزبی دێموکرات لە چاو نەپۆشینی لە ئەم هێرش کردنە و بێ‌رێزییە راگەیاند.

ژوان.ک