کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەی نیشتمانیی سووریە نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا هۆشداری دەدات

13:50 - 14 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: وتەبێژی بەرەی نیشتمانیی ئۆپۆزیسییۆنی رێژیمی سووریە نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا هۆشداری دەدات و دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران بە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە وەسف دەکات.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وتەبێژی هاوپەیمانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە نیسبەت بە دەستێوەردانی نیزامی ئاشکرا و روونی رێژیمی ئێران لە وڵاتی سووریەدا هۆشداری جیددی دا و وتی دەستێوەردانەکانی ئەو رێژیمە تەنیا هەڕەشەیەک بۆ سەر خەڵکی سووریە و توێژە جیاوازەکانی نییە بەڵکوو مەترسی ئەو دەستێوەردانانە لە سنوورەکانی سووریە تێپەڕ بووە و مەترسییەکی جیددیە بۆ سەر ناوچەکە.

هاوپەیمانی سووریە هەروەها رایگەیاند کە رێژیمی ئێران بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی لە هەستی ئایینی کەڵک وەردەگرێت و لەو پێناوەدا گرووپی میلیشایی درووست کردووە و کە بووەتە هۆی ئەوەیکە لە ناوچەکەدا نائارامی دروست بکات و لەو پەیوەندییەدا یەکیەتی عەرەب رایگەیاند کە بۆ تەناهیی وڵاتانی عەرەبی و پێشگرتن لە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران هێزێکی هاوپەیمانی پێک دێنن.

رێژیمی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی هەنگاو هەڵدەگری و زۆربەی کارناسانی بواری سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەدان کە رێژیمی ئێران لە سەەرەکیترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی قەریرانی ئێستای ناوچەکەیە.

بەشداریی بەرچاو و بەرینی هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە و پشتیوانی هەمە لایانە لە رێژیمی بەشار ئەسەد و دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ سەرکوتی هاووڵاتییانی سڤیل و کوشتاری دڕندانەی ئەوان، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئۆپۆزیسیۆنی سووریە ئەوە رابگەیەنێ کە رێژیمی بەشار ئەسەد رووخاوە و هەنووکە سپای پاسدارن لە سووریە دەسەڵاتی بە دەستەوەیە.

گادەر. د