کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دیمۆکرات لە کۆنفرانسی \"لالش بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان\"

14:42 - 14 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: لەسەر بانگهێشتی فەرمی و بەشداریی حیزبی دێموکرات، گرووپی ئاشتی ژنانی سەرکردە لە کوردستان لەژێر ناوی لەپێناوی نەخشە رێگەیەک بۆ ئاوادانکرنەوە و گەشەپێدانی مرۆیی لە شنگال و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا کۆنفرانسێکی بەڕێوەبرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٣ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان بە مەبەستی ناساندنی کارەساتی شنگاڵ بە ژینۆساید، لە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەچوو.

شاندێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی تاهیر مەحموودی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە لەم کۆنفرانسە‌دا بەشداریی کردبوو.

بە پێی ئەم راپۆرتە، لە کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان باس لەوە کرا کە پێویستە بەر لە رزگارکردنی ناوچەکانی شنگال، سنوور و دەشتی نەینەوا و ... رێوشوێنی پێویست بۆ داهاتووی ئەو ناوچانە بگیرێتە بەر و کارێکی وا بکرێت کە ئێزیدییەکان بۆ جارێکی دیکە تووشی کۆمەڵکۆژی و لەناوبردن نەبنەوە و کەرامەتی ئینسانییان بپارێزرێت و رێز لە بیروباوەڕی ئایینییان بگیردرێت.

لە کۆنفرانسی لالش\'\'دا، پەیامی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن فەرهاد ئەترووشیـەوە خوێندرایەوە و بابا شێخ بە نوینەرایەتی پەرستگەی لالش وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا پەیامی نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خوێندرایەوە.

شاندی حیزبی دێمۆکرات بە سەرپەرەستی تاهیر مەحموودی بە شیوەی هاوبەش لەگەڵ شاندی حیزبی سوسیالیستی کوردستان ـ باکوور بە سەرپەرستی مەسعوود تەک سکرتێری گشتی ئەو حیبە بەشداری کۆنفرانسەکە بوون و چاویان بە نوێنەری ئێزیدیەکان و چەندین کەسایەتیی بەشدار لە‌و کۆنفرانسە کەوت.

نوێنەری چەندین رێکخراوی سیاسی و کۆنسوولگەری وڵاتانی ئورووپایی ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون.

ئاویەر.ت