کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان ئێران و حیزبی دێموكرات

15:12 - 14 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران سەردانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتیان کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازییان لێکرا.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٣ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندێکی كۆمەڵەی شۆڕشگیڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەسەرپەرستی عەبدوڵلا موهتەدی سكرتێری گشتیی کۆمەڵە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد‌ و لەلایەن شاندێکی حیزبی دێموکراتەوە بە سەرپەرستیی مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازی ‌و بە خێرهاتنیان لێكرا.

لە دانیشتنێكی فەرمی ‌و كەشێكی دۆستانەدا، باسێكی سیاسی لەسەر رەوشی سیاسیی ئێران ‌و كورد بە گشتی ‌و پێوەندیەكانی هەر دوولا كرا، لەم باسە سیاسییە پرسی چەكی ناوكی ‌و رەوتی وتووێژەكانی وڵاتانی ٥+١ لەگەڵ رێژیمی ئێران كرا.

لەم پێوەندیەدا كاریگەریەكانی گوشارە ئابووری ‌و تەحریمەكان لەسەر رەوشی ئابووری ئێران ‌و بێ‌توانایی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی لە دابینكردنی پێویستیە ئابووریەكانی رێژیم ‌و باشتربوونی ژیان ‌و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵك كەم كردنەوەی رێژەی بێكاری، رێژیمی زیاتر بەرەو ئەو ئاقارە بردووە ‌و ویست ‌و داخوازییەكانی ئامریكا ‌و رۆژئاوا قبووڵ بكات ‌و مل بۆ قبووڵی مەرجەكانی بدا ‌و رێبەرانی رێژیم هەر لە ئێستایشەوە بۆ نۆشینی جامە ژەهرێكی دیكە بە مەبەستی دەربازبوون لەم قەیرانە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی دیكتاتۆرییان، خەریكی جەوسازین لە نێۆ خەڵكدا.

بەشێكی دیكە ئەو چاوپێکەوتنە، لەسەر پێوەندیەكانی هەرێمی كوردستان ‌و بەغدا بوو، ‌و هەر دوولا دەستپێكردنەوەی وتووێژەكانیان لەگەڵ بەغدا لەم بارودۆخە دژوارەدا كە هەرێمی تووشی شەڕێكی زیانباری لەگەڵ خەلافەتی ئیسلامی (داعش) كردووە بە قازانجی كورد زانی.

دوو لایەنی ئەم چاوپێکەوتنە لە درێژەدا بەرگریی هێزی پێشمەرگە ‌و خەبات ‌و بەرخۆدانیان لە شەڕی دژی تیرۆریزم كە داعش ‌و هاوپەیمانەكانی بە پشتیوانیی رێژیمە كۆنەپەرەستەكانی وەك ئێران بەڕێوەی دەبەن ‌و كوردیان بەو شەڕە دژی مرۆڤانەیەوە تێوەگلانەوە، بەرز نرخاند.

لە درێژەدا، ئاماژە بە مەترسییەكانی سیاسەتی دەستتێوەردانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی لە عێراق ‌و ناوچەدا كرد، هەروەها ئەو پشتیوانییە سیاسی ‌و نیزامیەی ئورووپا ‌و ئامریكایان بە خاڵێكی ئەرێنی لەسەر پرسی كورد هەڵسەنگاند.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارە، پرۆسەی ئاشتی باكووری كوردستان ‌و دەوڵەتی توركیە خرایە بەرباس ‌و ئەم هەنگاوانەی دوایی بە قۆناغێكی نوێ باسی لێكرا ‌و بەئاكام گەیشتنی ئەم پرۆسەیەیان لە بەرژەوەندی كورد ئاماژەی پێكرد.

بڕگەیەكی دیكەی ئەم دانیشتنە، چاوپێداخشاندێك بە پێوەندییەكانی هەر دوولایەن بوو.

لەم بڕگەیەدا ئاوڕدانەوەیەك بە رێككەوتننامەی هەر دوو حیزبی هاوپەیمان كر ا. كار ‌و تێكۆشانە هاوبەشەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لە ئاستی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ، ئوپۆزسیۆنی سەرتاسەری ‌و هاوكاریە هاوبەشەكان لەسەر پرسی كورد‌ بە گشتی ‌و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەڵسەنگێندران و لەو بوارەدا هەر دوو لایەن لەسەر كۆمەڵێك راسپاردە بۆ پەرە‌پێدانی هاوكاریەكان لە بواری سیاسی ‌و راگەیاندن ‌و پێوەندیەكان ‌و هەوڵدان بۆ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی كوردستانی خۆرهەڵات ساغ بوونەوە.

پاش شرۆڤە كردنی ئەو پرسە سیاسییانە، هەر دوو حیزب لەسەر درێژەدان بە هاوكارییەكانیان ‌و ئاڵوگۆڕی بیروڕای زیاتر بە مەبەستی چالاكی پتر جەختیان كردەوە.

ئاویەر.ت