کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی تەشکیلاتی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەروەی وڵات لە بارەی هێرشی هێزی ئاسایش بۆ کەمپی ئازادی

20:13 - 14 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: تەشکیلاتی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک داوای لە ئەندامان و لاینگرانی خۆی کرد، هیچ کەس نە لە ئەندامانی حیزب و نە لایەنگرانی، پەنا نەبەنە بەر هێرشکردنە سەر هیچ کەس و لایەنێک و رەچاوی پرنسیپەکانی حیزب بکرێ.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش ئەوەیکە سەر لە بەیانیی رۆژی سێشەممە ١٢ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزێكی هاوبەشی ئاسایش ‌و پۆلیسی كۆیە هێرشیان کردە سەر كەمپی ئازادیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە ‌و بێ‌ریزییەكی زۆریان بە ژن‌ و منداڵ ‌و كادر‌ و پێشمەرگەكانی حیزبی دێموکرات کرد، سکرتاریای حیزبی دێموکرات روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.

بە بڵاوکردنەوەی روونکردنەوەی سکرتاریای حیزبی دێموکرات و بەڕێوەبردنی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب، هێرشی هێزەکانی ئاسایش بۆ سەر کەمپی ئازادی لە ئاستی میدیاکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگی دایەوە.

پاش دەنگدانەوەی ئەم رووداوە، بڕیار درا کە رۆژی پێنج شەممە، ڕێکەوتی ٥ی مارس، کاتژمێر ١٧.٠٠ لە بەردەم نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سوید خۆپیشاندانێک بە مەبەستی مەحکووم کردنی ھێرشی دڕندانەی ھێزەکانی ئـاسایش بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێمۆکرات بەڕێوە بچێت.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، تەشکیلاتی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا بە ئاماژە بەوەی کە بە سەردانی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، کێشەکە چارەسەر کراوە، داوای لە ئەندامانی حیزبی لە وڵاتانی ئوروپایی کردووە کە رەچاوی پرەنسیبەکانی حیزب بکرێت.

تەشکیلاتی گشتیی حیزبی دێموکرات لەم راگەیەندراوەدا هەروەها داوای کردووە کە هیچ کەس نە لە ئەندامانی حیزب و نە لایەنگرانی، پەنا نەبەنە بەر هێرشکردنە سەر هیچ کەس و لایەنێک.

دەقی ئەم راگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

ئاگاداری بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە خۆشەویستەکەمان، سڵاو و رێز!
لە رێگای ئەم نووسراوەیەوە ئاگادارتان دەکەینەوە کە کێشەی تایبەت بە هێرشی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی کۆیە بۆ سەر بنەماڵەکانی حیزب، بە سەردانی شاندێکی حکومەتی هەرێم لە دەفتەری سیاسیی حیزب، چارەسەر کراوە و تکا دەکەین کە هیچ کەس نە لە ئەندامانی حیزب و نە لایەنگرانی، پەنا نەبەنە بەر هێرشکردنە سەر هیچ کەس و لایەنێک و رەچاوی پرنسیپەکانی حیزب بکرێ. دڵنیاین لەوەی کە ئێوە پابەند دەبن بە بڕیاراتی حیزبی و لەوەش دڵنیابن کە لە ئەگەری پێویستیی ئەنجامی هەر ئەرکێکدا بە زوویی ئاگادار دەکرێنەوە.

لەگەڵ ئەوپەڕی رێزماندا!

تەشکیلاتی گشتیی حیزب لە دەرەوەی وڵات