کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هشتی مارس و ژنانی کورد!

20:44 - 16 رەشەمه 2714

عارف عەزیزی

لە دەستپێکی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، کۆمەڵێکی بەرچاو لە ژنانی وڵاتانی سەنعەتی به‌وەرگرتنی موچەیەکی یەکجار که‌م و به‌بێ هیچ جۆرە ئاسانکارییه‌ک بۆ پێشکه‌وتنیان، توانییان بوێرانە خۆیان بخزێنە ناو بازاری کاره‌وه‌، ئەوەش دەکرێ وەک یەکەم هەنگاو لە مێژووی ژنانی جیهاندا چاوی لێ بکرێت.

ئەو هەنگاوە بوو بە هۆی دروست کردنی بارودۆخێک بۆ تێکەڵ بوونی ژنان بە کۆمەڵگای مەدەنی و پێکهێنانی خه‌باتێکی مەدەنی که‌توانی ڕێگا خۆشکەر بێ بۆ فەرمولەکردنی جموجۆڵێک له‌نێو ژناندا، ئاکامی ئەو هەنگاوە بوو کە بارودۆخه‌که‌ی قۆستەوە بۆ پێکهێنانی رۆژێک بەناوی ڕۆژی ژنان.
هەشتی مارس ئەو ڕۆژەیە کە خۆپێشاندانە‌مەزنەکەی ژنانی کرێکاری کارخانه‌ی ڕستن و چنینی شاری نیۆیۆرکی ئامریکا کە له‌ساڵی ١٨٥٧ی زایینیدا، سەبارەت بە زیادکردنی حه‌قده‌ست و که‌م کردنه‌وه‌ی کات و ماوه‌ی کار دەستی پێ کرد.

مێژووی دیاری کردنی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٠ی زایینی، کە له‌شاری کۆپێنهاگی وڵاتی دانیمارک، دووهه‌مین کۆنفرانسی ژنانی سوسیالیت به‌رێوه‌چوو، که‌تیایدا کلارا زتکین ژنە شۆڕشگێڕ و ناسراوی حیزبی سوسیالیستی ئاڵمان له‌سه‌ر دیار کردنی رۆژی جیهانی ژن قسەی کرد و هەر لەوێشدا پێشنیاری کرد، ٨ی مارس وه‌ک رۆژی جیهانی ژنان بناسرێت.

پێشتر ژنانی وڵاتی ئۆتریش رۆژی‌یه‌کی مه‌ی یان پێشنیار کردبوو، کە یەکی مەی مانا و مەفهومی خۆی هەیە و نەدەکرا وەک رۆژی ژنان دیاری بکرایە. هەر لەو پێوەندییەدا ژنانی وڵاتی ئاڵمان یش رۆژی 19ی مارسیان پێشنیار کرد بوو، کە ١٩ی مارسیش ڕۆژێکی مێژوویە لە خه‌باتی شۆڕشگێرانەی ژناندا، لەو رۆژەدا و‌له‌ساڵی ١٨٤٨ زایینیدا ژنان دژ به‌رێژیمی پاشایه‌تی پرۆس بوو دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردوەتەوە.

بەڵام کۆنفرانسی ساڵی ١٩١٠ی کۆپێنهاگی دانمارک سه‌ره‌ڕای گرینگ بوونی خۆی، نه‌یتوانی بڕیاری کۆتایی بدات و رۆژێک وەک رۆژی ژنان دیاری بکات. ئەو مەسەلەیە تا ساڵی ١٩٢١ی زایینی مایەوە و هەر وڵاتە و بۆ خۆی و لە کات و رۆژێکی جیاوازدا و بەتایبەت رۆژانی پشووی مانگی مارس خۆپێشاندانیان ساز دەکرد و یادی رۆژی ژنانیان دەکردەوە.

ئەوە بوو کە کلارا زتکین دیسانەوە له‌ساڵی ١٩٢١ی زایینیدا، هەشتی مارسی وه‌ک رۆژی ژنان خستەوە بەر باس و ئەمجارەیان‌پێشنیاره‌که‌ی په‌سه‌ند کرا و لە ئاکامدا ئه‌م رۆژه‌وه‌ک رۆژی ژنان له‌ مێژوودا دیاری کرا.
هەر چەن کە ئەو رۆژە وەک رۆژی ژنان بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بە شێوەیەکی دروست جێگیر نەکرابوو. هەر بۆیە لە ساڵی ١٩٧٨ رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان لە بڕیاریدا  ٨ی مارسی وه‌ک رۆژی جیهانی ژن به‌ره‌سمی پێناسە کرد و له‌ ساڵی هه‌شتاکاندا رۆژی هەشتی مارس کەوتەوە سەر رێچکەی خۆیی و مانا و بوونی تایبه‌تی خۆی دۆزییه‌وه‌‌و بە تەواوەتی جێگیر بوو.

لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهاندا و بەتایبەت ئۆرووپا و ئەمریکادا ژنان تا رادەیەک گەشتوون بە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان، یان ئەگەر نەش گەشتبوون بەو مافە، دەتوانم بلێم لە پێوەندی لەگەڵ وەرگرتنی مووچە و جیاوازی شوێنی کار و کاتی کارکردندا رەنگە بچەوسێنەوە، دەنا تا رادەیەک ئازادییان بە دەست هێناوە.

بەڵام ژنانی کورد نەک هەر نەگەیشتوون بە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان، بگرە دوو جاریش دەچەوسێنەوە، جارێک بەهۆی کورد بوونیانەوە لەلایەن دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستانەوە، جارێکیش چەوساوەی دەستی کۆمەڵگای پیاو سالارین.

لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت وڵاتی ئێران، ژنان وەک کاڵایەک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ و بەردەوام لە کڕین و فرۆشتنیان دان، گەلی کوردیش بەحوکمی ئەوەی کە لەو کۆمەڵگایەدا قراری گرتووە و بەردەوام لەلایەن داگیرکەرانەوە چەوسێندراوەتەوە، ناڕاستەوخۆ لەژێر کەلتووری ئەواندا خەفە کراوە و هەمان کولتووری بۆ بەجێماوە.

لە مێژووی پڕ سەروەری ژنانی گەلی کورددا بە دەیان شێرە ژنی وەک لەیلا قاسم، مەستوورەی ئەردەڵان، حەپسەخانی نەقیب، عادیلە خانم، لەیلا بەدرخان، رەوشەن بەدرخان و لەیلا زانا و هتد... بوون و هەن، ژنانی کورد ئەگەر لە کلارا لێهاتووتر و شۆڕشگێڕتر نەبووبن، بەدڵنیاییەوە هیچیان لەو کەمتر نەبووە، بەڵام بە داخەوە بەهۆی دابەش بوونی کوردستان و نەبوونی هیچ پشت و پەنایەک جگە لە گەلی کورد بۆخۆی هیچ گەل و وڵاتێکی دیکە شارەزاییەکی ئۆتۆیان لە سەر ژنانی کورد نەبووە، دەنا بێ دەنگ و ناو نەدەمانەوە و زۆرێش لەوە گەورەترن کە باسیان لێوە دەکرێت.

ئەوەی کە جێگای خۆشحاڵییە و شایانی ئەوەیە کە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەم، ئەوەیە کە لەم ساڵانەی دوایدا بە هۆی هەلومەرجی نالەبار و ئاڵۆزی ناوچەکەوە ژنانی کورد توانیان بیسەلمێنن کە دەتوانن شان بە شانی پیاوان پەل بهاوێن و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کەم تا زۆر سەرکەوتن بە دەست بهێنن، توانیان لە قۆناخە هەستیارەکانی خەباتدا بەشدار بن و بەسەر هەموو کەند و کۆسپەکانی ژیاندا زاڵ بن.

ژنانی کورد توانیان خۆیان بە جیهان بناسێنن و لە هەموو کاناڵ و راگەیاندنەکانی دونیادا دەر بکەون و زیرەکی و لێهاتنەکانیان ببێتە باسی رۆژانەی سەر زاری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە جیهاندا.

لە کۆتایی بابەتەکەمدا دەڵێم شایستەترین ژنانی ئەم جیهانە ژنانی قارەمانی کوردە کە پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەیان لێ بکرێت، بۆیە هەر لێرەوە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانتان لێ پیرۆزبێ شێرە ژنانی نیشتمانە بێ پشتیوانەکەی گەلی کورد.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە