کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازادی ژنان، پیاوانیش ئازاد دەکات

20:48 - 16 رەشەمه 2714

بە بۆنەی هەشتی مارس رۆژی جیهانی ژنان

مەجید حەقی

هەرساڵ لە هەشتی مارس (١٧ی رەشەمە) رۆژی جیهانی ژنان لە وڵاتانی جۆراوجۆردا یاد دەکرێتەوە. رۆژی جیهانی ژنان لە وڵاتانی جیهانی سێهەم و لەو وڵاتانەی کە ژن لە بەشێکی زۆر لە مافەکانی مرۆڤی خۆی بێ بەشە گرنگیەکی تایبەتی هەیە. لە سەرەتاوە تا ئەمرۆشی لەگەل بێت خەباتی ژنان لە پێناوی کۆمەلگایەکی مرۆڤی، یەکسان و دادپەروەرانە بووە.

بەدرێژایی مێژووی چەندین هەزار ساڵی رابردوو و بەهۆی دەسەڵاتی ئایینە جۆراوجۆرەکانەوە هەوڵی کۆمەڵگای پیاوسالار ئەوە بووە کە بە بچووکردن، سووکایەتی و بێ بایەخکردنی ژنان و دابەزاندنی ئەوان تا ئاستی نیوەی پیاو و کردن بە کەرەسەی کەڵک وەرگرتنی جینسی، فرۆش و سەر ئەنجام وەک موڵک و ماڵ هەڵسوکەوت لەگەڵ کردن، مرۆڤایەتی ژنان بباتە ژێر پرسیار. ئایدیۆلۆجی پیاوسالاری لە هەر شوێنێک بێت خاوەنی یەک بنەمایە، ئەویش بە مرۆڤ لەبەرچاونەگرتنی ژن و دان نەهێنان بە مافەکانی ئەوە. ئەمەش بۆتە هۆی خوڵقانی کێشە و تەنگەژەی بێئەژماری کۆمەڵایەتی، سیاسی، دەروونی و ئابووری ناو کۆمەڵگادا. کۆمەڵگای پیاوسالار کۆمەڵگایەکی وەک زیندان وایە کە لەودا نە پیاو و نەژن ئازاد نین. چونکە لە پێوەندی نێوان زیندان و زیندانباندا هەردووکیان ئەسیری یەکترن و ناتوانن ئازادی بەدەست بێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی پێکهێنانی کۆمەڵێک تەنگەژەی رەفتاری لە ناو ئەندامانی کۆمەڵدا.

ساڵی ٢٠١٤ خەباتی ژنانی کورد پێینایە قۆناغێکی دیکەوە، کچ و ژنە شەرڤانەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەرخودانی بیوێنەیان لە کۆبانی، سەرلمێنەری یەک راستی بوو، ئەویش ئەوە کە ژنان لە هیچ بوارێکەوە کەمتر لە پیاو نین و دەتوانن لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری کۆمەڵگادا هاوسان و یەکسان لەگەڵ پیاو رۆڵ بگێرن.

یەکێک لە خاڵە هەرە لاوازەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد بەسینفی چاولێکردنی خەباتی ژنانە. لە کاتێکدا باس لە کێشەی نیوەی کۆمەڵ دەکرێت و چارەسەری ئەو کێشەیە نیوەکەی دیکەی کۆمەڵیش ئازاد دەکات، تەنانەت لە رووی ئابووری گشتی کۆمەڵگاشەوە ئازادی و یەکسانی ژنان دەبێتە هۆی گەشە سەندنی ئابووری بنەماڵەکان و کۆمەڵگا و لەو رووەوە سینفی کردنی پرسی ژنان لەو سەردەمەدا کەمکردنەوەی پرسی ژنان لە رەوتی خەباتی نەتەوایەتیدا دەبیندرێت.

خەباتی نەتەوایەتی کاتێک دەتوانێت سەرکەوتوو بێت کە هەم خاوەنی ڤیزیۆن و ئاسۆی نەتەوەیاتی بێت هەم خاوەنی سیاسەتی کۆمەڵایەتی و گەشەکردنی کۆمەڵگا. بۆیە پرسی ژنان پرسێکی بچووکی سینفی نیە پرسێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی و ئابووریە کە دەبێ وەک تەواویەت ببیندرێت. کاتی ئەوە هاتووە رێکخراوە کوردستانیەکان بۆ بەرەوپێش بردنی پرسی ژنان و گەشەسەندنی یەکسانی نێوان ژن و پیاو، لە بەرامبەر مافی بەرامبەر هەل و دەرفەتی بەرامبەریش بخوڵقینێت رێگا بدات بە ئازادی هێز و وزەی ژنان کۆمەڵگاش بە ئازادی بگات.

کۆمەلگایەک کە مافی ژنانی ژێرپێ دەنرێت، کۆمەڵگایەک کە کاری ژنان تەنیا لە ئاشپەزخانەمان و بوون بەکارخانەی مناڵ سازی بێت، لە کۆمەڵگایەک کە ژن نیوەی پیاو ببیندرێت و کۆمەڵگایەک کە سەرەرای ئیدعای بەرامبەری خوازی هەموو بڕیارەکان بەدەستی پیاوانبێت، نە کۆمەڵگایەکی ئینسان گەرایە و نەش کۆمەڵگایەکی ئازادە. بۆیە بە بڕوای من ئازادی نەتەوە لە ئازادی نیوەی سەرەکی پێکهێنەری نەتەوە دەست پیدەکات. بەوە مرۆڤایەتی ئازاد دەبێت.

پیرۆز بێت رۆژی جیهانی ژنان


ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە