کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارێکی کورد رەوانەی زیندانی مەریوان کرا

19:50 - 19 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: خوێندکارێکی کوردی زانکۆی تەورێز، پاش مەحکووم بوونی لەلایەن داداگای ئینقلابی مەریوانەوە بە زیندانی تەعزیری، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی مەریوان گوازرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، فەرهاد شەفیع‌زادە، خوێندکاری کوردی زانکۆی تەورێز و چالاکی خوێندکاریی ئەم زانکۆیە و خەڵکی گوندی دەل سەر بە شارستانی سەوڵاوا و دانیشتووی شاری مەریوان، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی یەک ساڵ زیندانی تەعزیری کە لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بۆی بڕابوویەوە، رەوانەی زیندانی مەریوان کرا.

ئەم چالاکە خوێندکاریە کوردە، خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە تۆمەتی تێکدانی نەزم و رەخنە لە کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵات بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و پاشانیش ئەو حوکمە لەلایەن داداگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەوە تەئید کرابوو.

چەند مانگ پێشتریش، فەرهاد شەفیع‌زادە خوێندکاری کورد رشتەی فەلسەفە، ئەندامی شۆرای ناوەندی کانوونی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی زاگرۆس و دەستەی نووسەرانی بلاڤۆکی خوێندکاری ئاستانە لەلایەن کۆمیتەی ئینزباتیی زانکۆی تەورێزەوە بە ٢ تێرم هەڵپساردن لە خوێندن و بێبەش بوون لە ئیمکاناتی رفاهی هەتا کۆتایی دەورانی خوێندنی بەرەوڕوو ببووە.

ئاویەر.ت