کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ کەس لە بەڕێوەبەرانی رۆژی جیهانی ژن لە سەقز بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران کران

20:29 - 19 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: سێ کەس لە بەڕێوەبەرانی رۆژی جیهانی ژن لە شاری سەقز بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران کران و لێپێچینەوەیان لێکرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٥ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی سەرەڕای پێشگرتن و قەدەغەکردنی رێژیمی ئێران لە بەڕێوەبردنی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژن کە لە ماڵی یەکێک لەچالاکانی سەقز بەڕێوەچوو، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بانگهێشت و لێپێچینەوەیان لێکرا.

لەو بارەیەوە مەحموود ساڵحی چالاکی کرێکاری و یەکێک لە بەڕێوبەرانی ئەو رێوڕەسمە رایگەیاند: سەید عەلی حوسێنی، محەممەد فەرەجی و عیزەت نەسری ئەو سێ کەسە چالاکە بوونە کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی رەشەمە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بانگهێشت و لێپێچینەوەیان لێکرا.

ساڵحی رایگەیاندووە کە ئەو سێ کەسە بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژن بۆ رێزگرتن لە ژنان رێوڕەسمێکیان لە ماڵی یەکێک لەو چالاکانە بەڕێوە بردووە کە دواتر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم بانگهێشت و لێپێچینەوەیان لێکراوە.

لەو پەیوەندییەدا هاوکات لەگەڵ ٨ ی مارس نزیک بە ١٠٠ کەس لە چالاکانی سیاسیی ژن لە زیندانەکانی ئێراندا دەستبەسەرن کە بە پێشێلکاریی روونی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا ئەژمار دەکرێت.

گادەر. د