کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات

13:41 - 20 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: شێخ جەواد حیسامی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، جەواد حیسامی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناسراو بە شێخ جەواد حیسامی خەڵکی سنە، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی لە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

جەواد حیسامی خەڵکی شاری سنەیە، بەڵام بە هۆی ئەوەیکە بنەماڵەکەی لە بزووتنەوەیەکی کوردستاندا بەشداریان کردبوو لە شاری سنە بۆ شاری دامغان دوورخرابوونەوە و لە ساڵی ١٣١٤ی هەتاوی لە شاری دامغان لە دایک بووە.

10427.jpg
جەواد حیسامی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای سەرکەوتنی راپەڕینی گەلانی ئێران دژی رێژیمی پاشایەتی، جەواد حیسامی یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکیەتیی جووتیارانی کوردستان لە ناوچەی سەقز بوو ، کاتێک رێژیمی ئاخوندی هێرشی کردە سەر کوردستان و بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوایەتی کوردستان، مام جەواد لە پێناو رزگاریی نەتەوەییدا ریزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی هەڵبژارد و دەستی بە خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕانە كرد.

لە ماوەی ساڵانی پێشمەرگایەتیدا خۆی و بنەماڵەکەی لەگەڵ زۆر دژواریدا بەرەوڕوو بوونەوە و مام جەواد بە هۆی دڵسۆزی و لێهاتوویی خۆی لە هێزی شەهید عەزیز یووسفیی حیزب لە ناوچەکانی سەقز وەک فەرماندەری لک خزمەتی کردووە.

جەواد حیسامی لە ساڵی ١٣٦٤ ی هەتاوی، تووشی نەخۆشی دەبێ و لە سەر ئیزنی حیزب گەڕاوەتەوە سەقز، بەڵام هەر بە گەڕانەوەکەی بۆ ماوەی پێنج مانگ زیندانی کراوە کە بە هۆی دانانی بارمتە، لە زیندان ئازاد دەبێت و لەگەڵ بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و لەوێ نیشتەجێ دەبی.

جەواد حیسامی دیسان دەست دەکات بە پەیوەندی لەگەڵ حیزب و لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی، ئەو کاتەی کە هێزەکانی رێژیمی ئیسلامی رۆژانە شۆڕشگێڕانی کوردی رۆژهەڵاتییان لە شارەکانی باشوور تێرۆر دەکرد، ئەویش کەوتە بەر دەسترێژی و بریندار کرا.

جەواد حیسامی پاش چوونەسەری تەمەنی، وەک بنەماڵەکەی رووی کردە وڵاتی دانمارک و لەوێ نیشتەجێ بوو و ٢ مانگ پێش ئێستا گەڕابووەوە شاری سلێمانی و کۆچی دوایی کرد.

تەرمی ناوبراو بڕیار وایە لە گۆرستانێکی خاڵی سنووریی باشماخ بە خاک بسپێردرێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس‌وکاری کاک جەواد حیسامی دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.

کازیوە.ر