کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: رێژیمی ئێران مەحکووم بە پێشێلکاری مافی ژنانە

19:04 - 20 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا:رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵی پەسند کردنی یاسایەکە کە دامەزراندنی ژنانی بێ سەرپەرەست لەگەڵ کێشە و گرفت بەرەوڕوو بکات و ئەمەش دژ کردەوەی ناوندی نێودەوڵەتیی بەرگری لە مافی مرۆڤی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێژیمی ئێران لەلایەن رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ و پەرەپێدانی فەرهەنگی مەترسیدار لە کۆمەڵگادا مەحکووم کراوە.

جێگری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا، لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە وتووێژێکدا لەگەل هەواڵدەریی ئاڵمانی رایگەیاندووە: لەم گەڵالەیەدا مافی ژنان پێشێل کراوە، وەک ئوتومبیلێک کە بۆ بەرهەمهێنانی منداڵ دەبێت لێی دەڕوانن و وەک کۆیلەیەک لەگەڵی هەڵسووکەوت دەکردرێت.

پێشتریش ماڵپەڕی مەجلیسی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردبووە کە پەسند کردنی گەڵاڵەی پەرەپێدانی بوونیادی بنەماڵە، پێشێتی دامەزراندن لە بارودۆخی بەرابەردا لە هەموو بەشە دەوڵەتییەکاندا بەریز بە پیاوانی سەرپەرەستی منداڵ، پیاوانی خێزانداری بێ‌منداڵ، ژنانی سەرپەرستی منداڵ و پاشان ژنانی خێزانداری بێ‌منداڵ دەگرێتەوە.

ئەم گەڵاڵەیە بەدوای قسەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران، و پێداگری ئەو لە سەر زۆر بوونی حەشیمەتی ئێران پەسند کراوە.

جێگری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا، لە قسەکانیدا کە لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٠ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بە یاسای قەدەغە کردنی وازکتۆمی خۆویستانەکرد.

لەم پەیوەندییەدا، ماوەیەک لەمەوبەر، ٦٥٠ چالاکی مەدەنی لە ئێران نامەیەکیان بۆ نوێنەرانی مەجلیس نارد کە نیسبەت بە گەڵاڵەی پەرەپێدانی بنەماڵە بە توندی ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و داواین لە نوێنەرانی مەجلیس کردبوو ئەم گەڵاڵەیە هەڵوەشێننەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، کەمپەینی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە ئێراندا رایگەیاندووە؛ حکوومەتی ئێران لە بوارەکانی خوێندن، کار، تەندروستی ژنان لە بواری دووگیانی و بەشداریی لە بواری گشتیدا چەندین گەڵاڵەی بەڕێوە بردووە کە مافی ژنانی لە کۆمەڵگادا سنووردار کردووەتەوە.

بەرپرسانی رێژیمی ئێران لە ماوەی ١٨ مانگی رابردوودا گەڵاڵەیەکیان دارشتووە کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا تەنیا بۆ خیزانداری دەگەڕێتەوە.

کازیوە.ر