کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد لە پیرانشار

12:36 - 21 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی نمنجە سەر بە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەممەی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری پیرانشار هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی نمنجە بە ناوی سەید عوسمان کەسرەوی کوڕی مەولوودیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووە.

دەگوترێت، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامی لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە ، ناو ماڵ و کەلوپەلی ناوبراویان پشکنیوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە لەلایەن ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپاوە، هیچ زانیارییەک لە بارودۆخ و هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەست‌دا نەبووە.

لەو پێوەندییەدا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٦ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد ناسراو بە محەممەد عەبدی پوور چالاکی کرێکاری کوردی خەڵکی سەقز لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کرا.

 هەروەها و لە هەمان رۆژدا، چالاکێکی دیکەی کرێکاریی کورد بە ناوی کورش بەخشەندە خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و تاکوو ئێستاش هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نیە.

گادەر. د