کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

36 رێکخراوی مەدەنی: نەتەوە یەکگرتووەکان داکوکیکاری مافی مرۆڤ لە ئێران بێت

13:56 - 23 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: سی وشەش رێکخراوی مەدەنی لەنامەیەکدا داوایان لە شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە داکۆکیی لە مافی مرۆڤ لە ئێران بکات و باس لە رێپۆرتێری تایبەتی ئەو ناوەندەش کراوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هاوکات لەگەڵ بیست و هەشتمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سی وشەش رێکخراوی ئەندامی شۆرای مافی مرۆڤ داوایان کردووە کە داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە ئێراندا بکات و مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراندا درێژ بکاتەوە.

هەروەها چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێرانیش هاوکات لەگەڵ بیست و هەشتمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا داوایان لە ئەندامانی شۆرای مافی مرۆڤ کردووە کە مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید درێژ بکرێتەوە.

ئەو سی‌وشەش رێکخراوەیە جەختیان لەوە کردووەتەوە هەر چەندە رێژیمی ئێران رێگە نادات کە ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئێران بکات بەڵام ئەو رێپۆرتێرە سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا راپۆرتی گرینگ و کارتێکەری ئامادە کردووە.

ئەحمەد شەهید، رێپۆڕتری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام لە راپۆرتەکانی خۆیدا ئاماژەی بە دۆخی ناڵەباری مافی مرۆڤ لە ئێراندا کردووە و سەبارە بە چوونەسەری حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران، دەستبەسەر کردن، ئێعدامەکان و.... نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.

لەو پەیوەندییەدا ژمارەیەک سێناتۆری ئامریکا لەنامەیەکدا داوایان لە ولاتانی١+٥ کردبوو کە پرسی پێشێلکاریی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە دانوستانە ناوکییەکاندا بگونجێنن.
پێشتریش ٢٣ سێناتۆری کۆنگرەی ئامریکا نامەیەکی سەرئاوەڵایان بۆ باراک ئۆباما ناردبوو و تییدا نیگەرانیان لەدۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دەربڕیبوو.

رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا کەماوەیەک لەمەوبەر بلاوی کردبوویەوە باسی لەوە کردبوو، دەزگا ئەمنییەتی ـ قەزایییەکان هەر وەکوو پێشوو دەسەڵاتی خۆیان بە سەر خەڵکدا زاڵ کردووە و لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤ی زایینیشدا تاوانی زۆر گەورەیان بە دژی مافی مرۆڤ ئەنجام داوە.

گادەر. د