کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێک بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران کوژرا

14:40 - 23 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێران گیانی کۆڵبەرێکی دیکەی کوردیان لە ناوچەی سنووری قاسمە رەش، ستاند.

بەپێی راپۆرتی مالپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢١ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە درێژەی رەوتی بەردەوامی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بەناوی رەحمان ئیبڕاهیم زادە تەمەن ٣٠ ساڵ گیانی لێ ئەستێندرا.

رەحمان ئیبڕاهیم زادە خەڵکی گوندی بنو خەلف‌ی سەر بە ناوچەی سەردەشت بوو و لە ناوچەی سنووری قاسمەرەش کراوەتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران.

دەوتریت ئەو کۆڵبەرە کوردە پاش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بە هۆی قووڵی برینەکەی گیانی لەدەست داوە.

چەند رۆژ لەمەبەریش هێزە نیزامییەکانی هەنگی مەرزی لە ناوچەی رەبەت کۆڵبەرانی کوردیان دابوویە بەر و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی سیروان بەرزنجی، تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی لەتیف گیانی لە دەست دابوو.

کوشتاری بەردەوامی کۆڵبەران لە کاتێکدایە، کە جێگری بەرپرسی سیاسی ــ ئەمنیەتیی پارێزگای کوردستان چەند رۆژ پێش ئیستا رایگەیاندبوو: بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە لە کاتی هاتنە سەرکاری دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدی حەسەن رۆحانییەوە، هەتا ئێتسا یەک کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کوردستاندا نەکوژراون.

ئاژانسی کوردپا لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە قسەکانی جێگری سیاسی ــ ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتی پارێزگای کوردستان بڵاوی کردبوویەوە کە لە کاتی هاتنە سەر کاری دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدی حەسەن رۆحانی (١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی) هەتا ئێستا، ٣٢ کۆڵبەری کورد، تەنیا لە ناوچەی سنووری پارێزگای کوردستان بە هۆی تەقەی نیزامیەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

گادەر. د