کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی ئەحمەد شەهید لە رێژیمی ئێران بۆ لابردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و ئازاد کردنی رۆژنامەنووسان

16:32 - 23 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: ئەحمەد شەهید رێپۆرتنێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران، داوای لە رێژیمی ئێران کردووە ئەو یاسایانەی کە بەربەستیان دروست کردووە بۆ دەربڕینی ئازادی را دەربڕین و میدیاکان وەلابنێت، رۆژنامەنووسانی زیندانی ئازاد بکات و کۆتایی بەپارازیت خستنەسەر ماهوارەکان و فیلتێرکردنی ماڵپەڕەکان بێنێت.

بەپێی راپۆرتی هێرانا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢١ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، ئەحمەد شەهید لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەموارکردنی یاسا و سیاسەتەکانی کە ماف و ستانداردە نەناسراە نێونەتەوەییەکان لاواز یا پێشێل دەکات وەکو ئەولەویەتە سەرەکییەکان بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، ئاماژەی پێکرد.

ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی نوێی خویدا باسی لەوە کرد کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی رابردوودا، ٧٥٣ کەسی ئیعدام کردووە کە نیوەی ئەو کەسانە بە تۆمەتی تاوانە پەیوەندییدارەکان بە ماددە سڕکەرەکان بووە کە ژمارەی ئیعدامەکان لەو وڵاتەدا لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینی هەتا ئێستا بێ وێنە بووە.

لەم راپۆرتەدا هاتووە کە لە مانگی مەی ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا هەتا ئیستا، رێژیمی ئێران لانیکەم ٢٩ رۆژنامە نووس، وێبلاگ نووس و بەکارهێنەری ئینترنێتی، دەستبەسەر و زیندانی کردووە یان خستوویەتە ژێر چاوەدێریەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران وەک سادق ئامولی لاریجانی، سەرۆک و محەممەد جەواد لاریجانی، جێگری قووەی قەزایی، هەتا ئێستا چەند جار جەختییان کردووە کە یاساکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەر بناغەی ئەحکامی ئایینی ئیسلام دانراوە و ئێستا زۆربەیان لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی لە بواری مافی مرۆڤ جیاوازییان هەیە.

ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی نوێی خویدا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بارۆدۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوەیی دەربڕیوە و یەکێک لە سەرەکیترین رەخنەکانی ئەحمەد شەهید لە راپۆرت و بابەتەکانی، زۆر بوونی ئاستی ئیعدامەکان لە ئێران دایە.

ئەحمەد شەهید لە راپۆرتی خۆیدا رایگەیاندووە کە رۆژنامەنووسان دەستبەسەر یا دەخرێنە ژێر چاوەدێریە و زۆربەیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەل میدیا بیانییەکان، رەخنەی توند لە رێبەرانی رێژیم یا وتووێژ لەسەر پرسی هەستیاری سیاسی دەکەونە ژێر چاوەدێرییەوە.

رپۆرتنێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها لە یاساکانی پێشتر کە دەبێتە هۆی پێشێلکاری مافی مرۆڤ نیگەرانی دەربڕیوە.

کازیوە.ر