کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی مەکتەب قورئان لە سەردەشت دەستبەسەر کرا

14:05 - 24 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: ئەندامێکی مەکتەب قورئان لە سەردەشت بە ناوی شیرزاد عومەری بە زەربەی شوکێر و لێدانی دەرزی بە هۆی بایەخ نەدان بە بانگهێشتی یاسایی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شیرزاد عومەری کە بە هۆی بانگهێشتی زارەکی و نایاسایی، لە چوون بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشت خۆی بوواردبوو، لە بەردەم ماڵی خۆیدا بە زەربەی شوکێر و لێدانی دەرزی، دەستبەسەر کرا.

شیرزاد عومەری رێکەوتی ١٦ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە لە رێگەی پەیوەندی تەلەفونییەوە هەڕەشە و بانگهێشت کرابوو و لە چوون بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە خۆی بوواردبوو، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە بەردەم ماڵی خۆیدا، بە زەربەی شوکێر و لێدانی دەرزی و بێحورمەتی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەمە دووهەمین کەسە لە ئەندامانی مەکتەب قورئان کە بەم شێوەیە دەستبەسەر دەکرێت، پێشتریش، رێکەوتی ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە لیباس شەخسییەکانی رێژیم پاش سوکایەتی پێکردن بە پێشنوێژێکی کوردی سونە مەزهەب بەناوی عەلی حوسێن‌زادە ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان کردبوو و سەرەڕای بێحورمەتی پێکردن دەرزییان لێدابوو و لە شوێنێکی نادیار بەجێیان هێشتبوو.

هەر لەم پەیوەندییەدا، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی مەکتەب قورئان بەناوی حوسێن ئیبراهیمی لە رێکەوتی ٤ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر کرابوو و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو هەتا ئێستا بەرپرسانی رێژیم هیچ وڵامێکیان سەبارەت لە هۆکاری دەستبەسەرکردن و چارەنووسی پێ نەداونەتەوە.

مەکتەبی قورئان لە ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لەلایەن ئەحمەد موفتی‌زادەوە دامەزرا و ئەم رێکخراوە ئیدعای ئەوەیە کە ئیستراتیژی مەزهەبی خۆی لە پێناو قورئان و سوننەتی پێغەمبەر دامەزراندووە و سەرقاڵ بە رۆشن کردنەوەی بیروڕای خەڵکە.

گادەر.د