کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری منداڵانی سووریی بێ‌نیشتمان لە سنووری ٥٠ هەزار کەس تێپەڕیوە

20:02 - 25 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: لە ماوەی شەڕی نێوخۆیی سووریە، زیاتر لە ٥٠ هەزار منداڵ لە کەمپی ئاوارەکانی وڵاتانی دراوسێی سووریە لە هەزاران بێوەژن لە دایک بوون و هاووڵاتیی هیچ جێگایەک بە ئەژمار نایەن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەپێی ئاماری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ٥٠ هەزار منداڵی سووری لەحاڵێکدا لە بارودۆخی نالەباردا لە کەمپەکانی وڵاتانی لوبنان، ئوردون، عێراق و تورکیە لە دایک بوونە کە پێشتر باوکیان لە شەڕی نێوخۆیی سووریە کوژراون.

لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبیدا رەگەزنامە و شوناسی منداڵان تەنیا لە رێگەی باوکیانەوە دەسەلمێندرێت، ئەم منداڵانەی کە لەم چەند ساڵەدا لە کەمپەکانی پەنابەران لەدایک بوون، بە هۆی ئەوەی کە باوکێک لە سەر سەریان نییە، پێناسە و شوناسیان نییە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، نەبوونی پێناسە و بەڵگەی هاووڵاتی بوون، منداڵانی ئاوارەی سووریە لە داهاتوودا تووشی خەسارێکی بەرچاو دەکات. ئەوان ناتوانن بە شێوەی یاسایی سەفەر بکەن و بە بێ بەڵگەی شوناس، ئیمکانی دۆزینەوەی کار یان هاوسەرگیرییان نییە.

پێشتریش لەم پێوەندییەدا، ئانتونی لیک، بەڕێوەبەری یۆنسیف رایگەیاندبوو کە ١٤ میلیۆن منداڵی سووری لە ژێر کاریگەری شەڕی نێوخۆیی سووریە دان، ئەو هوشداری دابوو کە سووریە لە مەترسی لە دەستدانی جیلێک دایە.

ماوەیەک لەمەوبەریش، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی سەبارەت بە کوشتنی زیاتر لە ٢٢٠ هەزار سووری و ئاوارە بوون و بێ ماڵ‌و‌حاڵ بوونی نزیک بە ١٠ میلیۆن هاووڵاتیی سووری لە نێوخۆ و دەرەوەی ئەم وڵاتە لە ماوەی چەند ساڵ شەڕ و تێکهەڵچوون لە سووریە، بڵاو کردبووە.

بەپێی راپۆرتگەڵێک کە لە ماوەی دوو مانگی پێش ئێستا بڵاو کراوەنەتەوە، ١٢ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هاووڵاتیی سووری پێویسییان بە یارمەتی مرۆڤ‌دۆستانە هەیە و لە بارودۆخی نالەباردا بەسەردەبەن.

ئاویەر.ت