کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەی مین گیانی هاووڵاتییەکی کوردی ستاند

13:23 - 27 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: تەقینەوەی مینێکی بەجێماوی سەردەمی شەڕی رێژیم ئێران و عێراق، کوژرانی وەرزێڕێکی کوردی خەڵکی قەسری شیرینی لێکەوتەوە.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٥ی رێبەندان لە رێگای نەفت شەهر لە نزیک پاسگای \'\'زین ئەلکەش\'\' مینێکی بەجێماوی سەردەمی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراق تەقیوەتەوە.

لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەدا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی تەنگاوی سەر بە قەسری شیرین، پاش بریندار بوون، بە هۆی قووڵی برینەکەیەوە، گیانی لەدەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە کە وەرزێر بووە لە باخەکەی خۆیدا لە کاتی کار کردندا پێمەڕەکەی لە مینەکە کەوتووە و بووەتە هۆی تەقینەوەی مینەکە.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە قەسری شیرین، کۆتاییەکانی خەزەڵوەری ئەمساڵ، دوو وەرزێڕی کوردی خەڵکی گوندێکی سەر بە شاری قەسری شیرین، لە کاتێکدا کە سەرقاڵی کار لە مووچە و مەزراکانیاندا بوون، بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ١٢٩ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی قەسری شیرین بە هۆی تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق کوژراون.

ئاویەر.ت