کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد، هاووڵاتییەکی دیکە دەستبەسەر کرا

16:00 - 26 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە راپۆرتێکدا باسی لە سەر دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کرد.

فایق چیرە، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی مەهاباد، پاش سەفەری بازرگانی بۆ هەرێمی کوردستان و گەڕانەوە بۆ کوردستانی ئێران لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بە هۆی دمە‌قاڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی مەهاباد لەگەڵ هێزە ئەمنییەتییەکانی پارتی دێموکراتی کوردستان- عێراق، پاسپۆرتی ئەم هاووڵاتییە زەوت کرا و پاشانیش لەلایەن هێزەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە خاکی کوردستانی عێراق دەر کراوە.

پاش گەڕانەوەی ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ کوردستانی ئێران، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد بانگهێشتیان کردووە و پاسپورتەکەیان پێداوەتەوە.

فایق چیرە، پاش یەک حەفتە لە بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر و هەنووکە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد راگیراوە.

هەتا ئێستا لە چارەنووس و بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی مەهاباد، زانیارییەکی باوەڕپێکراو لەبەر دەستدا نیە.

لەم پەیوەندییەدا، رۆژی رابردوو رێکەوتی ٢٥ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، عومەر قازی یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییە ناسراوەکانی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم هاووڵاتییە کوردەی هاوکاری نەکردنی عومەر قازی لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران، راگەیاندووە.

ئاویەر.ت