کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەد شەهید: دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە سەردەمی رۆحانی خراپتر بووە

16:14 - 26 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، رایگەیاند کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە دەورانی سەرکۆماری حەسەن رۆحانی خراپتر بووە و لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە وڵاتە لە سێدارە دراون.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٥ی رەشەمە، ئەحمەد شەهید رایگەیاند کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ کەسی لەم وڵاتە لە سێدارە داوە و لە ساڵی رابردووش‌دا بە لانیکەم ٧٥٣ ئیعدام زیاترین رێژەی ئیعدامی لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینی هەتا ئێستا هەبووە.

ئەحمەد شەهید، زۆربوونی رێژەی ئیعدامەکان و بوونی یاسای و فەزای توندی ئەمنییەتی کە چالاکیی رێکخراوە مەدەنی، مافی مرۆڤ، حیزبە سیاسییەکان و چالاکانی مافی مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە، دەرخەرەی ئەوەیە کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە دەورانی سەرکۆماری حەسەن رۆحانی خراپتر بووە.

رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێراندا، چەند رۆژ پێش ئێستا و داوای لە رێژیمی ئێران کرد کە یاسای سنووردارکردنی ئازادیی رادەربڕین و میدیاکان لابەرێت و هەروەها رۆژنامەنووسان و وێبنووسانی زیندانی ئازاد بکات و و کۆتایی بە پارازیت خستنەسەر ماهوارە و فیلتێرکردنی ماڵپەڕەکان بێنێت.

ئەحمەد شەهید لە راپۆرتی خۆیدا وتوویەتی: لە ماوەی ١٤ مانگی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠٥ حوکمی لەسێدارەدان لە ئێراندا بەڕێوەچووە کە لە ماوەی ١٢ ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە و لانیکەم ٧٥٣ ئیعدام لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی و ٢٥٢ ئیعدام لە ماوەی ١٠ حەفتەی رابردوودا ئەنجام دراوە و هەروەها ١٣ ئیعدامی کەسانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵی ئەنجام دراوە کە ئەوەش بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئەحمەد شەهید نیگەرانی خۆی سەبارەت بە قەبووڵی راسپارەدەکانی خولی دووهەمی تاوتوێکردنی جیهانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەربڕی و رایگەیاند کە رێژیمی ئێران هەتا ئێستا راسپاردەکانی ساڵی ٢٠١٠ی زایینی بەڕێووە نەبردووە.

وڵاتان و نوێنەرانی وەک دانماراک، فەرانسە، ئیتالیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ئیسرائیل، ئاڵمان، نوروێژ، ئوسترالیا و یەکیەتیی ئورووپا نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێراندا بە تایبەت کێشەی کەمینە ئاییینیەکان و بەرزبوونەوەی ئیعدامەکان، پێویستی رێزگرتن لە ئازادیی را دەربڕین و باوەڕ و پشتیوانی لە رۆژنامەنووسان دەربڕیوە.

گادر.د