کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەی مین گیانی وەرزێڕێکی کوردی ستاند

15:36 - 27 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراق، گیانی هاووڵاتییەکی کوردی ستاند.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، وەرزێڕێکی کوردی خەڵکی سەردەشت بە ناوی رەحیم سۆفی‌زادە تەمەن ٢٨ ساڵ، تووشی رووداوی تەقینەوەی مین بوو.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم وەرزێڕە کوردە لە حاڵێکدا کە لە مەزراکەی خۆیدا سەرقاڵی کارکردن بووە، بە هۆی رووداوی تەقینەوەی مین، دەست و لاقێکی بە توندی بریندار بووە.

ئەم وەرزێڕە کوردە بە هۆی قووڵی برینەکەی، پاش چەند کاتژمێر لە رووداوەکە، گیانی خۆی لە دەست دا.

هەر لەم پەیوەندییەدا، بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، جەلال بەهرام‌زادە، ٢٤ ساڵە لە پارێزگای کرماشان تووشی رووداوی تەقینەوەی مین بووە و گیانی لە دەست داوە.

ئەو مینە لە ناوچەی تەنگەحەمام لە ئاوایی دارخور‌ی سەربە بەخشی ناوەندیی قەسری شیرین تەقیوەتەوە.

لە کاتی تەقینەوەی مین هەروەها، ٧ سەر مەڕو ماڵاتی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ناو چوون.

بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەر دەست دایە، ٦ میلیۆن هێکتار لە خاکی ئێران ١٦ میلیۆن مینی چێندراوی لێ ماوەتەوە و بە هۆی روانگەی ئەمنییەتی و سنووری، زیاترین مینە چێندراوەکان لە ئێران لە پێنج پارێزگای سنووری خوزستان، ئیلام، کرماشان، سـنە و ئورمیە دایە.

ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دەرخەری ئەوەیە کە لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٤٢ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی دەورانی شەڕی ئێران و عێراق لە کوردستانی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

ئاویەر.ت