کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان/ گیان لە دەست دان کرێکارێکی بیناسازی و برینداربوونی پێرسۆنێلێکی ئیدارەی بەرق

16:26 - 27 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: دوو کرێکاری کورد لە شارەکانی کامیاران و سنە بە هۆی رووداوی کار گیانییان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٥ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، کرێکارێکی کوردی بیناسازی بەناوی محەممەد رەزایی لە کاتی کار کردن لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شارستانی کامیاران تووشی رووداوی کار بووە و گیانی لەدەست داوە.

محەممەد رەزایی ٥٥ ساڵە خەڵکی پاڵنگان دانیشتووی شاری کامیاران لە گوندی باتمان نزییک بە کامیاران لە کاتی کار کردن بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست داوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، یەکێک لە کارمەندانی ئیدارەی بەرقی سنە بە هۆی کۆن بوونی ماشین و دامەزراندنی کەرەستەی بەرق لە کاتی گۆڕینی سیمەکانی مەیدانی ئازادیی سنە تووشی رووداو بووە.

راپۆرتەکان لە سنەوە باس لەوە دەکەن کە ئەم کرێکارە کوردەی ئیدارەی بەرق، بە هۆی هەڵگەڕانەوەی ماشینی باڵابەر، بەربووەتەوە و تووشی برینێکی قووڵ بووە.

هەتا ئێستا شوناسی ئەم کرێکارە کوردە و بارودۆخی جەستەیی ئەم کرێکارە کوردە کە پاش بریندار بوونی بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

چەند رۆژ پێشتریش، محەممەد سادق میری وەستاکاریی بیناسازیی کوردی خەڵکی سەقز بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست دا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە پرۆژەیەکی بیناسازی لە شەهرەکی گوڵانی سەقز، بە هۆی بەربوونەوە لە چێوبەست، پاش گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە، گیانی لە دەست داوە.

بە پشت بەستن بە ئامارەکانی پزشکی یاسایی، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لە سێ پارێزگای کوردنشینی کرماشان، ئورمیە و کوردستان زیاتر لە ١٠٠ کرێکاری کورد بە هۆی رووداوی کار گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ئامارەکان، لە دەستپێکی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی سەرماوەز، لە پارێزگای کرماشان ٦٠ کەس بە هۆی رووداوی کار گیانیان لە دەست داوە.

ئامارەکانی پزێشکی یاسایی باس لەوە دەکەن کە لە پارێزگای کوردستان، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٢ کەس بە هۆی رووداوی کار گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها، رووداوی کار لە پارێزگای ئورمیە لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، گیان لەدەستدانی ٣٢ کرێکاری بە دواوە بووە.

پێشتر راگەیەندرابوو کە رووداوی کار لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە ئێران، گیانی یەک هەزار و ٥٠٦ کرێکاری گرتووە.

ئاویەر.ت