کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی نەتەوەیی نەورۆز سەرەڕای هەڕەشەکانی رێژیم ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کوردستان بەڕێوەچوو

16:44 - 3 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات سەرەڕای رێگرتن و هەڕەشەکانی رێژیم سەبارەت بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز، بە شێوەیەکی بە شکۆ بەرەوپیری ساڵی نوێی کوردی چوون.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە بەرەبەری جێژنی نەورۆزدا و هاتنی سەری ساڵی نوێ بنکە و ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە خەڵکی کوردستانیان راگەیاندبوو کە لە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز خۆ ببوێرن، بەڵام خەڵک بەبێ گوێدان بە هەڕەشەکانی رێژیم بەرەوپیری ساڵی نوێیەوە چوون.

راپۆرتی گەییشتوو لە ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنەوە باس لە بەڕێوەچوونی بەشکۆی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە دەکات.

هاووڵاتییەکی کورد لەو پێوەندییەدا بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند کە ئەمساڵ، هاووڵاتییانی کورد لە ناوچەی ژاوەرۆ بەشکۆتر لە ساڵانی پێشوو جێژنی نەورۆزیان بەڕیوەبرد و بەرەوپیری ساڵی نوێیەوە چوون.

گوندەکانی، نییەر، تەنگیسەر، گەلێن، تەوریوەر و ... لەو گوندانەی ناوچەی ژاوەرۆن کە تێیاندا ئاگری نەورۆز هەڵکراوە و جێژنی نەورۆز بەرز راگیراوە.

لەو پەیوەندییەدا رێژیمی ئێران لە شاری رەبەت زیاتر لە ١٠ ماشین لە هێزەکانی دژە شۆڕشی لە شاری ئورمیە و مەهابادوە بۆ چاوترسێن‌کردنی خەڵک هێنابووە و ئەو شارە و لەسەر شەقامەکان جێگیری کردبوون بەڵام سەرەڕای ئەوەش خەڵک ئاگری نەورۆزیان کردەوە و نۆقڵ و شیرینییان لەسەر رێگای مەهاباد لە پەنا فەلەکەی رۆژهەڵات لە نێو خەڵکدا بڵاو کردەوە کە دواتر هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیم بڵاوەیان بە خڵک کرد.

هەروەها ئاگرێکی گەورەی نەورۆز لە گوندی لیلانێ کرابوویەوە و هێزەکانی رێژیم ویستیان ئەو ئاگرە بکوژێننەوە بەڵام بەسەرشۆڕی گەڕانەوە و دیسانەوە ئێوارەی هەمان رۆژ خەڵک ئاگرێکی دیکەیان کردەوە و هەروەها لە گوندی گۆڵێ ئالای کوردستانیان هەڵکردبوو.

لەو پەیوەندییەدا لە شاری مەریوان خەڵکی ئەو شارە بەبێ گوێدان بە هەڕەشەکانی رێژیمی ئێران لە چەند شوێنی ئەم شارە ئاگری نەورۆزیان کردەوە؛ یەکێک لەو شوێنانەی کە ئاگری تێداکرایەوە مەیدانی جیهاد بوو و پاش ئاگرکردنەوەکە هێزە لیباس شەخسییەکانی رێژیم بڵاوەیان بە خەڵک کرد.

بەپێی راپۆرتەکان لە دوایین ئێوارەی ساڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی کوردی خەڵکی نەوسوود لە مەیدانی مەولەوی لەو شارە ویستیان ئاگری نەورۆز بکەنەوە کە هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم و کەلانتەری نەوسوود رێگریان لە بەڕێوەچوونی ئەو رێوڕەسمە کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو روداوە رایگەیاند هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکانی کەلانتەری نەوسوود دوای بڵاوەکردن بە خەڵک شەڕ و تیکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکانی رێژیم رووی داوە کە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هێچ زانیارییەک لە وردەکارییەکانی ئەو شەڕ و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان لەبەر دەستدا نییە.

ئەمسالیش سەرەڕای هەڕەشەی بنکە ئەمنییەتی ــ نیزامییەکانی رێژیمی ئسیلامیی ئێران هاووڵاتیانی کورد لە کوردستانیرۆژهەڵات بە شێوەیەکی بەرین رێوڕەسمی نەورۆزیان بەڕێوە برد.

گادەر. د