کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە وڵاتی بلژیک بەڕێوەچوو

15:42 - 4 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: بەبۆنەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، رێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک، جێژنێکی بە بەشداریی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان؛ نیشتەجێی بلژیک بەڕێوە برد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە، رێکەوتی ١ی خاکەڵێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەلایەن رێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک بە بەشداریی کوردانی نیشتەجێی بلژیک، لە شاری ئانتوێرپێنی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پیرۆز کرا.

سەرەتای رێوڕەسمی نەورۆز بەسروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب دەستی پێکرد و دواتر خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان راگیرا.
لەم رێوڕەسمەدا، پەیامی رێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک کە لە چەند حیزبی سیاسیی هەر چوار پارچەی کوردستان پێک دێت، لە لایەن ئازاد کوردیـەوە پێشکەش کرا.

لە پەیامەکەدا ئاور لە دۆخی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو درابووە و تیشکیش خرابووە سەر بەڕێوەچوونی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە هەر یەک لە پارچەکانی کوردستان بە هۆی دۆخی سیاسی تایبەتی خۆیانەوە.

لە پەیوەندی لەگەڵ تەقینەوە لە شاری حەسەکەی کوردستانی رۆژئاوا و کوژران و برینداربوونی دەیان هاووڵاتی، پەیامی لێژنەی پارتی دێموکراتی کوردستان- سووریا لە بلژیک لە لایەن زەینەب حەسکالیـیەوە پیشکەش کرا و ئاور لە دۆخی بەڕێوەچوونی نەورۆزی ئەمسال لە رۆژئاوای کوردستان و روودای دڵتەزێنی نەورۆزی حەسەکە درابووە.

ئاویەر.ت