کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە ئێسکیلستونا بەرز راگیرا

16:32 - 4 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: بە بۆنەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ــ ئێسکیلستونا ، جێژنێکی بە بەشداریی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، نیشتەجێی سوید بەڕێوە برد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئێسکیلستونا بە هاوکاریی یەکیەتیی کوردان و یەکیەتیی لاوانی ئەو شارە جێژنێکی بەرین و شکۆداری بۆ کوردانی دانیشتووی شاری ئێسکیلستونا و دەورووبەری پێک هێنا.

سەرەتای رێوڕەسمی نەورۆز بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و خۆلەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان، پەیامی نەورۆزیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئێسکیلستونا لەلایەن حەبیب بەهرامیـیەوە خوێندرایەوە .

لە بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا پەیامی نەورۆزیی ناوەندی یەکیەتیی کوردان لەلایەن هێرش بەهرەمند پێشکەش کرا .

پاشان، باسێکی مێژوویی لەسەر سەرهەڵدانی نەورۆز و گرینگی ئەو رۆژە بۆ گەلی کورد، بە هەردوو زمانی سویدی و کوردی لەلایەن ئەنوەر کاکایی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا.

بەشی کۆتایی رێوڕەسمەکە بە کێبەرکێ و سروود، شێعر و گۆرانی تەرخان کرابوو و
بەم شێوەیە بەشداربووان پێشوازییان لە ساڵی نۆێی ٢٧١٥ی کوردی و نەورۆزەی لە مێژینەی کوردەواری کرد.

کازیوە.ر