کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستۆکهۆڵم/ بەشداریی شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە رێوڕەسمی سەری ساڵی نوێی کوردی

16:43 - 4 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: بە بۆنەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید جێژنێکی بە شداریی کوردانی نیشتەجێی وڵاتی سوید بەڕێوەبرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، بۆ بەرز و پیرۆز راگرتنی یادی نەورۆز جێژنی لە مێژینەی گەلی کورد و سەری ساڵی نوێی کوردی، رێوڕەسمێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبەوە لە ستۆکهۆڵم بە هاوکاریی رێکخراوەکانی یەکیەتیی کوردان و یەکیەتیی لاوان بەڕێوەچوو، لە رێوڕەسمەدا بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان، دۆستان و بنەماڵە حیزبیەکان تێیدا بەشدار بوون.

سەرەتای رێوڕەسمی نەورۆز بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادی و رزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی رێکخراوی یەکیەتیی کوردان لەلایەن حامید دروودی ـەوە پێشکەش کرا.

پەیامەکە وێڕای پیرۆزبایی کردن، باسێکی کورتی لەسەر مێژووی سەرهەڵدانی نەورۆز و گرێدراوی ئەو جێژنە بە نەتەوەی کوردەوە کرد و پێداگری لەسەر ناراست بوونی بەشێک لەو ئەفسانە و چیڕۆکانە کردەوە کە دراونەتە پاڵ جێژنی نەورۆز.

هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەش کە ئامانج لە پڕۆپاگەندانە چەواشەکردنی مێژوو و کلتوری نەتەوەیی کورد و ئەو هاونیشتمانیانەیە کە ساڵەهای ساڵە لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان پێکەوە بە تەبایی و ئارامی ژیاون و دەژین.

کازیوە.ر