کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەقز/ ئازار و ئەزیەتی هاووڵاتیان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە

16:40 - 4 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە شاری سەقز لە درێژەی پیلانە دزێوەکانی خۆیدا ئەمجارە لە رێگای ماشێنی ئیدارەی بەرقەوە ئازار و ئەزیەتی هاووڵاتیان دەدات.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە شاری سەقز لە چواچێوەی گەڵاڵەیەکی دیکەدا بۆ ئازار و ئەزیەتی هاووڵاتیانی ئەو شارە لە ماشێنی ئیدارەی بەرق کەڵک وەردەگرن.

هاووڵاتییەکی کورد لەو بارەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: ماوەیەکە هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران شەوانە لە کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکێکی شەو هەتا ٤ی سەر لە بەیانی بە ماشێنەکانی ئیدارەی بەرق لە نێو شار و ناوچەکەدا گەشت لێ دەدەن و ئازار و ئەزیەتی خەڵک دەدەن.

ئەو هاووڵاتییە لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هێزانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە شاری سەقز لە هەر ماشێنێکی ئیدارەی بەرقدا ٣ کەس بە جلوبەرگی مەدەنی و ٢ کەس لە کارمەندانی ئیدارەی بەرق گەشت لێ دەدەن، ئەو پیلانەی ئیدارەی ئیتلاعات ئەگەرچی خەڵک لێی ئاگادار نین بەڵام لە هەندێک شوێن لە کاتی ئازاردانی خەڵکدا کە دەستیان روو بووە پاساوی ئەوە دێننەوە کە بە ماشێنی ئیدارەی بەرق بە شوێن دزی کابڵی بەرقدا دەگەڕێن.

راپۆرتی گەییشتوو لە شاری سەقزەوە باس لەوە دەکات کە ماوەیەکە هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران لە شاری سەقز لە رێگای جۆراجۆر خەڵکی ئەو شارە ئەزیەت دەکەن و هاتوچۆی هاووڵاتیانی ئەو شارە دەخەبە ژێر چاوەدێرییەوە.

لەو پەیوەندییەدا پێش لە چوارشەممە سووری ئەو دەنگۆیەی بڵاو کردبووە کە گرووپی تێرۆریستی داعش رایگەیاندووە کە ئەگەر خەڵک ئاگری نەورۆز هەڵ کەن داعش ١٧ پێشمەرگەی دیل ئاگر تێبەر دەدات.

هەروەها یەکێک لە مەلاکانی سەر بە رێژیمی ئێران بە ناوی مەلا محەممەد لە مزگەوتی ساڵح‌ئاوای ئەم شارە، بە شێوەی بەردەوام بە دژی جێژنی نەورۆز قسەی کردووە و ناوبراو لە قسەکانی خۆیدا جێژنی نەورۆز کە جێژنێکی نەتەوەیی کوردە حەرامە و ئاگری لە بۆنە پیرۆزەکانی کافر لە قەڵەم داوە.

لە حاڵێکدا هەوڵە هەمەلایەنەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر لە پێناو رێگرتن لە بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز و چووارشەممە سووری بەردەوامە، هاووڵاتییانی کورد، رۆژی رابردوو لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بە داگرساندنی ئاگر، بەرەوپیری ساڵی نوێ چوونە.

گادەر. د