کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی نەتەوەیی نەورۆز سەرەڕای هەڕەشەکانی رێژیم ئیسلامیی ئێران لە شاری سەقز بەڕێوەچوو

18:06 - 4 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: سەرەڕای رێگرتن و هەڕەشەکانی رێژیم سەبارەت بە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز، لە شاری سەقز هاو نیشتمانیان بە شێوەیەکی بە شکۆ بەرەوپیری ساڵی نوێی کوردییەوە چوون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە بەرەبەری جێژنی نەورۆزدا و هاتنی سەری ساڵی نوێ بنکە و ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە خەڵکی کوردستانیان راگەیاندبوو کە لە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز خۆ ببوێرن، بەڵام خەڵک بەبێ گوێدان بە هەڕەشەکانی رێژیم بەرەوپیری ساڵی نوێیەوە چوون.
بەپێی راپۆرتەکان ئەگەرچی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە هەموو رێگایەکەوە تەنانەت لە رێگای مزگەوتەکان و بە هەڕەشە و نیشاندانی هێزی نیزامیش لە شاری سەقز ویستی خەڵک چاوترسێن بکات و خەڵک جێژنی نەورۆز بەڕێوە نەبەن، بەڵام رێوڕەسمی جێژنی نەورۆز بە شێوەیەکی بەشکۆتر و جوانتز لە ساڵی رابردوو لەو شارە بەڕیوەچوو.
هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سەقز لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای رایگەیاند کە خەڵکی ئەو شارە بەبێ گوێدان بە هەڕەشەکانی رێژیمی ئێران لە چەند شوێنی ئەم شارە ئاگری نەورۆزیان کردەوە و خەڵک لە شەقام و کۆڵانەکان بە شایی و ئاگری خۆشێ جێژنی نەورۆزیان بەڕێوە برد.
ئەمسالیش سەرەڕای هەڕەشەی بنکە ئەمنییەتی ــ نیزامییەکانی رێژیمی ئسیلامیی ئێران هاووڵاتیانی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بە شێوەیەکی بەرین رێوڕەسمی نەورۆزیان بەڕێوە برد.

گادەر. د