کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆنفرانسی دیالۆگ لەسەر مافی گرووپە ئەتنیکەکانی ئێران

22:05 - 4 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رێکخراوی جیهانیی نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە مافی نەتەوەکانی ئێران بەشداریی کرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوکتور عەلی عەبدیلزادە، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رێکخراوی جیهانیی نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان (UNPO), لە رێکەوتی ٢٧ و ٢٨ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە مافی نەتەوەکانی ئێران لە ژێر ناوی دیالۆگ لەسەر مافی گرووپە ئەتنیکەکان لە ئێران بەشداریی کرد.

ئەم کۆنفرانسە لە لایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران و چەند ئەنجومەنێکی دیکە لە زانکۆی ژنێڤ و مەقەڕی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتی سویس بەڕێوەچوو.

ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە چەندین پسپۆر و شارەزا لە بواری پرسی نەتەوەکانی ئێران، د.ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، شیرین عەبادی، براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل و نوێنەرانی نەتەوەکانی ئێرانی لەم کۆنفرانسەدا بەشدارییان کردبوو.

کۆنفرانسی دیالۆگ لەسەر مافی گرووپە ئەتنیکەکانی ئێران لە کاتژمێر ٩ و ٣٠ی سەر لەبەیانیی ٢٧ی رەشەمە بە وتارێک لە لایەن شیرین عەبادیـەوە دەستی پێکرد.

عەبادی لە وتەکانیدا پرسیاری ئایا هەموومان (نەتەوەکانی ئێران) لە یەک تێدەگەینی ورووژاند و لەو پێوەندییەدا وتی: ئێمە وەکوو نەتەوەکانی ئێران لە یەکتر تێ ناگەین، چونکە دەرفەتمان نەبووە بۆ باسکردنی کێشەکان و ئاستەنگەکان لە بەردەمان دا لە دەوری یەک کۆ بینەوە.

عەبادی هەروەها خەجتی کردەوە: لە رێگای دیالۆگەوە دەتوانین کێشەکانمان دەستنیشان بکەین و رێگە‌چارەیان بۆ بدۆزینەوە.

لە پانێلی یەکەمی ئەم کۆنفرانسە تایبەتەدا لە لایەن ئێدیت کولو فاڤەرو و مارک لاتیمێر، بەرپرسی رێکخراوی MRGI باسێک لەسەر پرسی پاراستنی مافی گرووپە ئتنیکەکان لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەی کرا.

مارک لاتیمێر، بەرپرسی رێکخراوی MRGI لە وتەکانیدا باسێکی تێروتەسەلی لەسەر کۆنسێپتی ئتنیک کرد.

پانێلی دووهەمی رۆژی یەکەمی کۆنفرانسی مافی گرووپە ئەتنیکەکانی ئێران لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم چالاکڤانانی مافی نەتەوەکان لە ئێران چەند بابەتێک پێشکەش کران.

لەم پانێلە‌دا د. عەلی عەبدیلزادە، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان وتی: یاسای بنەڕەتیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران فەرق و جیاوازی لە نێوان نەتەوەکان دادەنێت و ئەم یاسایە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بنەماکانی دێموکراسی یەکناگرێتەوە.

دوکتور عەبدیلزادە لە درێژەدا ئاماژەی دا: دێموکراسی یەکێک لە بنەما هەرە گرینگەکانە بۆ ئەوەی کە هەموو نەتەوەکانی ئێران بتوانن لەگەڵ یەکتر بژین. هەر بۆیە ئەگەر پێمان خۆش بێ ئێران وڵاتێک بێت کە هەموو نەتەوەکان لەگەڵ یەک بژین، گۆڕینی رێژیم تەنیا رێگا چارەیە.

پانێلی سێهەم لەسەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر نەتەوەکانی ئێران کرا لە لایەن پرۆفسۆر عەباس وەلی، دوکتور برزوو ئەلیاسی و چەند نوێنەرێکی نەتەوەکانی ئێران چەند باسێک پیشکەش کران.

بە پێی ئەم راپۆرتە، پانێلی چوارەم، چۆنیەتی باشترکردنی مافی نەتەوەکانی ئێران لە چەند بابەتێکدا تاووتوێ کران.

رۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە بە رێوڕەسمێکی تایبەت بە بۆنەی هاتنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ، کۆتایی پێهات.

رۆژی دووهەمی کۆنفرانسی دیالۆگ لەسەر مافی گرووپە ئەتنیکەکانی ئێران بە باسێک لە چەند گرووپی جیاواز لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان نەتەوەکانی ئێران دەستی پێکرد.

لەم بەشەی کۆنفرانسەکەدا باسی ئەوە کرا کە نەتەوەکان چۆن دەتوانن پێکەوە کار بکەن بۆ وەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان.

لە بارەی دەتوانن پێکەوە کارکردنی نەتەوەکان بۆ وەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان هەموو بەشداربوان لەسەر ئەوەی کە دەبێ هاوکارییەکان پتەوتر بکرێن لە نێوان نەتەوەکان بۆ کاری هاوبەش هاوڕا بوون.

لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکە دا باسێکی تایبەت لەسەر رۆل و مافی ژنان پێشکەش کرا.

لەم باسە دا دوکتور عەبدیلزادە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە خەبات بۆ مافی ژنان دەبێ بەشێکی سەرەکی لە خەبارتی ئازادیخوازانەی نەتەوەکانمان بێت.

لە بەشی کۆتایی کۆنفرانسەکە‌دا، دوکتور ئەحمەد شەهید وتارێکی لەسەر پێشێلکاریی مافی نەتەوەکانی ئێران لەلایەن رێژیمی ئیسلامییەوە پێشکەش کرد.

لەم بەشەدا، شیرین عەبادی، وتارێکی لە بارەی یاسای بنەڕەتیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران پێشکەش کرد.

ئاویەر.ت