کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠٦ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران و تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی

22:45 - 4 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: لە ماوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، ٢٠٦ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەی هێزەکانی رێژیم لە ناوچە سنوورییەکان و رێگەوبانەکانی کوردستان کوژراو و بریندار بوون.

بەپیی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە ئاماری ساڵانەی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەنێو ئەو ٢٠٦ هاووڵاتییە کە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێرانەوە راستەوخۆ تەقەیان لێکراوە، ٦٤ کەسیان هاووڵاتیی مەدەنی بوون کە لە جادەکانی کوردستان کراونەتە ئامانجی تەقەی هێزەکانی رێژیم و ٧٩ قوربانیی دیکەش کۆڵبەر بوون کەلە سنوورەکانی کوردستاندا بوونەتە قوربانی و ٦٣ کەسیش بە تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار بوون.

لە ساڵێکدا ٧٩ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی

لە ساڵی رابردوودا، ٧٩ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکاندا کراونەتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیم کە لە ئەنجامدا ٣٧ کۆڵبەر کوژراون و٤٢ی دیکەش بەتوندی بریندار بوون.

لە سێ مانگی بەهاری ساڵی رابردوودا، ١١ کۆڵبەر دراونەتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کە ٨ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها لە سێ مانگی هاوینیشدا، ٢٦ کۆڵبەر دراونەتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کە ١٠ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.

لەم پێوەندییەدا لە سێ پاییزدا ١٩ کۆڵبەر کراونەتە ئامانجی هۆی تەقەی راستەوخۆی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کە ٢ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٧ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاماری بڵاوکراوە لە لایەن ئاژانسی کوردپاوە باس لەوە دەکات کە لە سێ مانگی زستانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، ١٧ کۆڵبەر بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کوژراون و ٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.

تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم لە ساڵی رابردوودا ٦٤ کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە

لەنێو ئەو ٦٤ هاووڵاتییە مەدەنییەدا کە لە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێرانەوە لە رێگەوبانەکانی کوردستان تەقەیان لێکراوە، ٢٠ هاووڵاتی کوژراون و٤٤ی دیکەش بریندار بوون.

بە پشت بەستن بە ئاماری کوردپا، لە سێ مانگی بەهاردا ١٢ کەسی مەدەنی دراونەتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیم و ٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەم ئامارە دەرخەری ئەوەیە کە لە سێ مانگی هاوینیشدا، ١٥ هاووڵاتیی مەدەنی کراونەتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم و ٧ کەسیان کوژراون و ٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها لە سێ مانگی پاییزیشدا، ١٣ هاووڵاتیی مەدەنیی دیکە دراونەتە بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم بوونەتە قوربانی کە ٢ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١١ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لەم پێوەندییەدا لە سێ مانگی زستانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، ٢٤ هاووڵاتی دیکە دراونەتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم و ٥ کەسیان کوژراون و ١٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە ساڵێکدا، تەقینەوەی مین ٢٢ کوژراو و ٤١ برینداری لێ کەوتووەتەوە

بە پشت بەستن بە راپۆرتی ئاماریی ئاژانسی کوردپا، لە سێ مانگی بەهاری ساڵی رابردوودا، ٢٠ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین و كەرەسە جەنگییەكانەوە بوونەتە قوربانی کە ٤ کەسیان كوژراو و ١٦ی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها لە سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا تەقینەوەی مین و كەرەسە جەنگییەكان ٢ كوژراو و ١١ برینداری لێ کەوتووەتەوە.

لەم پێوەندییەدا، لە سێ مانگی پاییزیشدا، ٣ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین و كەرەسە جەنگییەكانەوە كوژراو و ٦ هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.

بە پێی ئەم راپۆرتە ئامارییە، لە سێ مانگی زستانی رابردوودا، ١٣ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین و كەرەسە جەنگییەكانەوە كوژراو و ٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.

کازیوە.ر