کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ بەشداریی شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە رێوڕەسمی جێژنی نەورۆزی پارتی سۆسیالیستی کوردستان

22:48 - 4 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان لە رێوڕەسمی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز کە لەلایەن پارتی سۆسیالیستی کوردستان رێک خرابوو، بەشداریی کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەک‌شەممە رێکەوتی٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، بۆ بەرز راگرتنی یادی نەورۆز جێژنی لە مێژینەی گەلی کورد و سەری ساڵی نوێی کوردی، لەلایەن پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە شاری کۆڵن رێوڕەسمێک رێک خرابوو بوو کە شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئاڵمان بەشداریی ئەو جێژنە بوو و هەروەها لەو رێوڕەسمەدا شاندی کۆمیتەی حیزب لەگەڵ چەندین حیزب و لایەنی سیاسی چاو پێکەونیان کرد.

لەو رێوڕەسمەدا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن ئیدریس رۆستەمیـیەوە خوێندرایەوە.

لە پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتدا وێڕای پیرۆزبایی لە بەرێوەبەران و بەشدارانی رێوڕەسمەکە، ئاماژە بە دۆخی ئێستای هەرچوار پارچەی کوردستان و شەڕی دژی داعش و دەست تێوەردانەکانی رێژیمی ئیسلامیی لە ناوچەکە و بەتایبەت لە عێراق و سووریەدا کرابوو.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە بێ گومان ئەوە یەکەم جار نییە کە گەڵی قارەمانی کورد تووشی هێرشێکی لەو جۆرە دەبێتەوە و بەنرخترین ئازیزانی بەختی رزگاریی نەتەوەکەی دەکات، بەدرێژایی مێژوو گەلی کورد لە خەبات و تێکۆشاندا بووە و هەردەم باشترین رۆڵەکانی گیانی ئازیزیان بۆ سەرفرازی نیشتمان بەخشیوە، بەڵام هیچ کۆسپ و غەم و پەژارەیەک نەیتوانیوە گەلە قارەمانەکەمان بەچۆکدا بێنێ و لە ئەستەمترین کاتەکاندا بە شادی و خۆشی و سەربەرزییەوە ژیاوە، هەربۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەورۆزی ئەمساڵ وەک نەورۆزی رێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ناولێ دەبات و لەهەمانکاتیشدا بڕوای وایە کە نابێ خەفەت ‌و ناخۆشی ‌و رەشپۆشی ببێتە نەریتی خەڵکی کوردو بگرە گشت سەختی رێگە و گیانبازی ئازیزترین رۆڵەکانی نیشتمان بووەتە هۆی بەهێزبوونی ورە و وەگەڕکەوتنی زیاتری وزەی خەباتکارانە بۆ درێژەدان بە شۆڕش‌ و بەرەنگاری لە پێناو وەدیهاتنی ژیانێکی مرۆیی‌ و ئازادی هەمیشەیی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

گادەر. د