کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە بارەی هێرشی هێزی ئاسایش بۆ سەر کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکرات

15:28 - 5 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕبوونی نزیک بە یەک مانگ لە هێرش بۆ سەر کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکرات و پێکهاتنی چەندین لێژنە بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە، دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا هەواڵی وەرگیرانی ئیجرائاتی كارگێڕی به‌رامبه‌ر به‌سه‌رپێچیكارانی رووداوه‌كه‌ی بڵاو کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٥ی رەشەمە، د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو: مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە و گەیشتن بە راستییەكان لە زووترین كاتدا بڕیاریداوە لێژنەیەك لەسەر رووداوی ھەڵكوتانە سەر كەمپی ئازادیی حیزبی دێموکرات لەلایەن ئاسایشەوە لە شاری كۆیە، پێک بهێنرێت.

بە دوای پێک هاتنی ئەو لێژنەیە، دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیایدا هاتووە: لێژنه‌كه‌ راپۆرتێكی له‌م باره‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد. له‌سه‌ر رۆشنایی راپۆرته‌كه‌و به‌پێی یاسا، ئیجرائاتی كارگێڕی به‌رامبه‌ر به‌سه‌رپێچیكارانی رووداوه‌كه‌ وه‌رگیرا.

سەر لە بەیانیی رۆژی سێشەممە ١٢/١٢/١٣٩٣ی هەتاوی بەرامبەر بە ٣/٣/٢٠١٥ی زایینی، بە دوور لە هەرچەشنە پرەنسیپێكی یاسایی ‌و مەدەنی، هێزێكی هاوبەشی ئاسایش ‌و پۆلیسی هەرێمی کوردستان لە شاری كۆیە هێرشیان کردە سەر كەمپی ئازادیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ‌و بێ‌ڕێزییەكی زۆریان بە ژن‌ و منداڵ ‌و كادر ‌و پێشمەرگەكانی حیزبی دێموکرات کرد.

پاش ئەم کردەوەیە، رۆژی چوارشەممە ١٣ی رەشەمە، سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی روونکردنەوەیەک ئەو هەڵسوكەوتەی هێزەكانی ئاسایشی بە تەواوی مەحكووم کرد ‌و داوای کرد كە ناوەندە بڕیار بەدەستەكانی حكوومەتی هەرێم هەنگاوی جیددی بۆ كۆتایی هێنان بەم جۆرە هەڵسوكەوتانە هەڵێنن.

بەدوای ئەوەدا، چەندین رێکخراوی سیاسی بە مەبەستی مەحکووم کردنی هەڵسوکەوتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەمبەر دانیشتوانی کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکرات، راگەیەندراویان بڵاوکردەوە و ئەو کردەوەیەی ئاسایشی شاری کۆیەیان مەحکووم کرد.

پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان، پارتی ئازادیی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە ــ رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و چەندین کەسایەتیی سیاسی و چالاکی سیاسیی دیکە لەو کەس و لایەنانە بوون کە هەڵکوتانە سەر کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکراتیان مەحکووم کرد.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشی هێزەکانی ئاسایش و ناسراو بە هێزەکانی دژە تیرۆر بۆسەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات، میدیاکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران وێڕای بەلاڕێدا بردنی بابەتەکە، پەرچەکرداری خێرا و توندیان نواند.

پاش تێپەڕینی چەند رۆژ بەسەر ئەو رووداوەدا، ژمارەیەک لە ماڵپەڕەکانی سەربە دەزگا ئەمنییەکانی رێژیمی ئیسلامی، وێرای بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئامانجدار و ئاراستەکراو، لە هەوڵی بەلاڕێدا بردنی رای گشتی و خولقاندنی کەشێکی دووبەرەکێ نانەوەدا بوون.

ماڵپەڕەکانی ئاکام نیووز و بوڵتەن نیووز، دوو ماڵپەڕی سەربە دەزگای ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامی بوون کە وێڕای لایەنگری لە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان دەستیان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانە و ناڕاست کردووە. ئەو هەوڵەی ماڵپەڕەکانی سەربە دەزگای ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو حیزبە نیگەرانیی خۆیان لە هاتنە ئارای ئەو رووداوە دەربڕیوە.

لە پەیوەندیی بە هێرشی هێزی ئاسایش بۆ سەر کەمپی ئازادی، فراکسیۆنی پارلمان و مەکۆی کۆیەی بزووتنەوەی گۆڕان، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان و لێژنە‌ی مافی مرۆڤی پارلمانی کوردستان لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دیداریان کرد و لە سەر ئیجرائیاتی یاسایی ئەو کردەوەیە پێداگرییان کرد.

ئاویەر.ت