کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناکۆکی جیددیی رێژیمی ئێران و ئامریکا لە دانوستانە ناوکییەکاندا

22:32 - 5 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامی و ئامریکا سەبارەت بە جۆر و ناوەڕۆکی ئەگەری رێکەوتنی دانوستانە ناوکییەکان لە سویس ناکۆکییان هەیە.

رۆژنامەی نیوویۆرک تایمز لە بەرەبەری کۆتایی هاتنی کاتی دیاریکراو بۆ رێکەوتنی سیاسیی ناوکی لەزاری یەکێک لە دیپلۆماتە رۆژئاواییەکانەوە رایگەیاند، کە ناکۆکی جیددی لە نێوان رێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا نیسبەت بە ناوەرۆک و جۆری ئەگەری رێکەوتنی ناوکی هەیە.

ئەم سەرچاوە هەواڵدەرییە رایگەیاندووە کە لە ماوەی چەند حەوتووی رابردوودا، رێژیمی ئێران بە توندی لە بەرانبەری هەر جۆرە چوارچێوەی رێکەوتنی فەرمی لەم خولەی دانوستانە ناوکییەکاندا خوڕاگریی دەکات و بیانییەیەک لە ژێر ناوی هاوڕابوون لە رێکەوتنی ناوکی لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی هەڵدەبژێرێت.

لەم پەیوەندییەدا، سێناتۆر میچ مە‌کانێل، سەرۆکی زۆرینەی کۆماریخوازەکانی سێنای ئامریکا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، رایگەیاند ئەگەر دانووستانەکانی گرووپی ١+٥ لەگەڵ رێژیمی ئێران هەتا کۆتایی مانگی مارس (شەش رۆژی دیکە) بە ئاکام نەگات مەجلیسی سێنای ئامریکا گەڵاڵەی قورسترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران دەخاتە بەر دەنگدانەوە.

لەم پەیوەندییەدا، لە بواری بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران، یوکیا ئامانۆ، سەرۆکی گشتیی ئاژانسی وزەی ناوکی رایگەیاندووە کە رێژیمی ئێران لە مانگەکانی رابردوودا بۆ روونکردنەوەی بواری نیزامی و چالاکییە ناوکییەکانی خۆی هاوکاری نەکردووە و لەوەیکە بەرپرسانی باڵای رێژیمی ئێران بۆ وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی وزەی ناوکی ئەتۆمی هاوکاریی پێویستیان نەکردووە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.

نوێنەری فەرانسە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکی شۆرای تەناهیدا رایگەیاندووە کە پێشکەوتن لە دانوستانەکانی نێوان وڵاتانی زلهێز و رێژیمی ئێران بەپێی پێویست نییە و نوێنەری بریتانیا رایگەیاندووە کە ئێران دەبێ نەرمی بنوێنێت.

هەنووکە نوێنەرانی ئێران و گرووپی ١+٥ (ئامریکا، بریتانیا، چین، روسیە و ئاڵمان) سەرقاڵی دانووستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانن و بڕیارە کە هەتا کۆتایی مانگی مارس لە چوارچێوەی رێکەوتنی ناوکی دەستیان بە رێکەوتن بگات و رێکەوتنی ناوکیش دەبێت هەتا کۆتایی مانگی ژۆئن (١٠ی پووشپەڕ) روون بێتەوە.

لەم پەیوەندییەدا جان کێری وەزیری کارو باری دەرەوەی ئامریکا ماوەیەک لەمەوپێش لە وتووێژێکدا رایگەیاندبوو کە ئەگەر رێکەوتنی ناوکی هەتا کۆتایی مانگی مارس لەگەڵ رێژیمی ئێران ئەنجام نەدرێت ئامریکا میزی دانووستانەکان بەجێ دەهێڵێت.

دانوستانی ناوکی لە حاڵێکدا درێژەی هەیە کە کەمتر لە یەک ‌حەفتەی دیکە، کاتی رێکەوتنی سیاسی بە کۆتایی دەگات، بەڵام هەتا ئێستا هیچ جۆرە راپۆرتێک بە وتەی دوو لایەنی دانوستانی ناوکی نیسبەت بە ئەگەری رێکەوتنی ناوکی بڵاو نەکراوەتەوە.

ئاویەر.ت